یاریدەدەری وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو یاریدەدەری وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی ئاداری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای ئەوەی لە ئەنقەرە لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند، لووتکەی سێقۆڵی کە بڕیارە لە نێوان تورکیا، رووسیا و سووریا بکرێت، بە بەشداریی ئێران بەڕێوەدەچێت.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، هەفتەی داهاتوو یاریدەدەری وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە و گوتی، "ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە بەردەوامە. پلانمان هەیە بە چوارقۆڵی ئەم کارە بکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لە چوارچیوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە، هەفتەی داهاتوو یاریدەدەری وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، رووسیا، سووریا و ئێران لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە.