دادگەی باڵای ئەمریکا ئامادە نییە ترەمپ لە هەڵبژاردن دووربخاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە رێگەی دادگەی باڵای وڵاتەکەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دووربخرێتەوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، دەرکەوت کە زۆرینەی دادوەرانی دادگەکە بڕیارێکی لەو جۆرە رەتدەکەنەوە.
لە دانیشتنێکی دوو کاژێریی گرنگدا، ئەندامانی نەریتخواز و لیبراڵی باڵاترین دادگەی ئەمریکا، نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی کە ژمارەیەک ویلایەت، تاک تاک دەیانەوێت بڕیاربدەن کام بەربژێر لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا بهێڵنەوە و کامەیان دووربخەنەوە.
هەڵبژاردنەکە نۆڤەمبەری ئەم ساڵ دەکرێت.
ئەمڕۆ، دادگەی باڵای ئەمریکا تاوتوێی ئەوەیان کرد کە ئایا ترەمپ رەوایەتیی ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی کۆلۆرادۆ ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان یان نا، چونکە تۆمەتبارە بەوەی بەشداری لە هەڵگەڕانەوە و یاخیبووندا کردووە، بەو پێیەی لە 6ی کانوونی دووەمی 2021، لایەنگرەکانی هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس.
مەبەست لە هەڵبژاردنی بەرایی، بریتییە لە هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتەکان بۆ ئەوەی هەر یەکێکیان بەربژێری کۆتایی خۆی دیاریبکات.
دادگەی باڵای کۆلۆرادۆ، بە گەڕانەوە بۆ هەمواری چواردەیەمی دەستووری ئەمریکا، کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، بڕیاریدا کە ترەمپ لە هەڵبژاردنەکە دووربخرێتەوە، ئەوەش "لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی کە لە رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمدا بینیبووی."
ترەمپ بەربژێری هەرە لەپێشی کۆمارییەکانە و راپرسییەکان دەریدەخەن کە ئەگەر بکەوێتەوە بەرامبەر جۆ بایدنی دیموکرات، بە ئاسانی دەیبەزێنێت.
جۆناسان میچێل، پارێزەری ترەمپ لە گوتاری پێشەکیی دانیشتنەکەدا گوتی، تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت بەربژێرێک لە رکابەرییەکە دووربخاتەوە.
پارێزەرەکە گوتی: "بڕیاری دادگەی کۆلۆرادۆ هەڵەیە و پێویستە پاشەکشەی لێ بکرێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بڕیارە "دەنگی دەیان ملیۆن ئەمریکی بەفیڕۆدەبات."
جەیسن مووری، ئەو پارێزەرەی کە بە نوێنەرایەتیی دەنگدەرانی کۆلۆرادۆ دۆسیەکەی کردبووەوە، وەڵامی ئەوەی دایەوە گوتی، پێویستە بە گوێرەی بڕگەی سێیەمی هەمواری چواردەیەمی دەستوور، ترەمپ دووربخرێتەوە.
بڕگە دەستوورییەکە دەڵێت، هەر کەسێک لە "یاخیبوون یان هەڵگەڕانەوە" تێوەبگلێت، مافی نییە لە هیچ پۆستێکی حکومیدا کار بکات.
هەموارەکە لە ساڵی 1868 لە دوای جەنگی نێوخۆ چەسپێنرا، ئامانج لێی ئەوە بوو کە رێگری لەو کەسایەتییە سیاسییانە بکرێت پێشتر پێداگرییان لە هێشتنەوەی کۆیلایەتییان دەکرد و داوای جیابوونەوەیان دەکرد تاوەکو نەتوانن بچنە کۆنگرێس و نەشتوانن هیچ پۆستێکی فیدڕالی بەدەستبێنن.
ترەمپ لە کاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەڤانان لە فلۆریدا، باسی لەوە کرد کە ئاگاداری دانیشتنەکە بووە و هیواخوازە بڕیارێک لە بەرژەوەندیی ئەودا بدرێت.
ترەمپ گوتی: "ئایا دەتوانی ئەو کەسەی لە هەموو شوێنێک لەپێشەوەیە بگری و پێی بڵێی، 'هێی، رێگە نادەین خۆت بەربژێربکەی؟' پێموایە ئەوە کارێکی زۆر سەختە، بەڵام شتەکە بۆ دادگەی باڵا جێدێڵم."