گووگڵ چاتبۆتێکی هاوشێوەی ChatGPT وەگەڕدەخات
رووداو دیجیتاڵ
گووگڵ چاتبۆتەکەی لە Bardـەوە گۆڕی بۆ Gemini (جێمینای) کە چاتبۆتێکی هاوشێوەی ChatGPTیە.
گووگڵ پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردی خۆی لە جێمینایدا بەکارهێناوە. کۆمپانیاکە دەیەوێت لە رێگەی ئەم بەرهەمەیەوە لە رکابەرایەتیی ژیریی دەستکرد دا، لە دوای مایکرۆسۆفت و کۆمپانیاکانی دیکە نەمێنێتەوە.
گۆڕینی ناوی چاتبۆتەکەی لە باردەوە بۆ جێمینای، ساڵێک دوای ئەوە دێت کە گووگڵ بە پەلەپەل چاتبۆتەکەی خستەڕوو بۆ ئەوەی زۆر لە دوای چاتبۆتی بینگ-ی مایکرۆسۆفتەوە نەمێنێتەوە.
مایکرۆسۆفت چاتبۆتەکەی خۆی بە یارمەتیی کۆمپانیای OpenAIی دروستکاری ChatGPT بەرهەمهێنا.
لەو کاتەوە چاتبۆتەکان فراوانتر بوون و ئێستا دەتوانن وێنە و نووسین بەرهەمبهێنن بەگوێرەی ئەو داواکارییانەی لێیان دەکرێت. بۆ ئەو مەبەستە، چاتبۆتەکان پشت بەو زانیارییانە دەبەستن کە پێشتر لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە.
ئەوەی کە گرنگە، جێمینای دەکرێتە بەشێک لە ئەپی گووگڵ لەسەر ئایفۆن، واتە ئەو چاتبۆتە دەبێتە بەشێکی لکێنراوی بزوێنەری گەڕانی گووگڵ.
گووگڵ هەروەها رایگەیاند، وەشانی Gemini Ultra 1.0 دەخاتەڕوو کە بەهێزترین نەوەی ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنە.
بەکارهێنەران لە 150 وڵاتەوە دەتوانن لە بەرامبەر 20 دۆلار بۆ هەر مانگێک سوود لەو وەشانە پێشکەوتووە ببینن، بەڵام بۆ ئێستا، تەنیا بە زمانی ئینگلیزی بەردەست دەبێت.
دوو ئەپی دیکە کە لەو وەشانە لاوازترن، بە ناوەکانی Gemini و Gemini Advanced بۆ سیستمی ئەندرۆید بەردەستدەبن، لە پاڵ ئەوەی کە دەکرێنە بەشێک لە ئەپی گووگل بۆ iOS.
هێشتا ئەو ئەپانە لە ئەوروپا بەردەست نین؛ گووگڵ دەڵێت، هێشتا هەندێ بەربەستی یاسایی ماون.
راگەیاندنی ئەم هەنگاوە لە لایەن گووگڵەوە، رۆژێک دوای ئەوە هات کە مایکرۆسۆفت گوتی، ئەپی Copilotی بەهێزترکردووە، کە ئەویش پێشتر ناوی Bing بوو.