وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی هەسەدە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی ئێستای
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە پاریسەوە رایگەیاند وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی دا. گوتیشی "تورکیا نیگەرانیی رەوای لەبارەی پەکەکەوە هەیە."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 08-01-2025) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە پاریس رایگەیاند، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی [چاودێریکردنی گیراوانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان]."
بلینکن گوتی "10 هەزار گیراوی داعش لەژێر چاودێریی دۆستە کوردەکانمان دان. ئیدارەی داهاتووی ترەمپیش بەرژەوەندیی لەوەدایە، داعش سەرهەڵنەداتەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، تورکیا "نیگەرانیی رەوای لە پەکەکە و تیرۆر هەیە. لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە تەنگژە لە سووریا هەبێت، ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین ئەوە روونەدات."
لێدوانی بلینکن لەکاتێکدایە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای نیشتمانیی سووریا لە نزیک بەنداوی تشرین لە پێکدادانی بەردەوام دان.
ئەمڕۆ ناوەندی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە "سوپای تورکیا لە رێگەی درۆنەوە، کاروانی هاووڵاتیانی سڤیلی کردووەتە ئامانج کە بەرەو بەنداوی تشرین لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری منبج دەچن."
بەنداوی تشرین، سەرچاوەی سەرەکیی ئاو و کارەبای خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە، هەسەدە دەڵێ "خەڵکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ مەبەستی رێگری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو بەنداوە، (ئەمڕۆ) بەرەو بەنداوەکە چوون، بەڵام لەلایەن تورکیاوە بە درۆن کراونەتە ئامانج."
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتە. 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە. لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.