پووتین پەیوەندییەکانی رووسیا و ئێران بەرز دەنرخێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە، لە کرێملن پێشوازیی لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، ستاییشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد. هاوکات، جەنگی حەماس و ئیسرائیل تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانیان بوو.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی دژی ئۆکراینا، مۆسکۆ هەوڵیداوە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ تاران بەهێز بکات، کە هەردووکیان لە ژێر سزاکانی رۆژئاوادان.
پووتین بە ئاماژە کردن بە رێبەری باڵای ئێران، بە رەئیسی گوت: "پەیوەندییەکانمان زۆر بە باشی بەرەو پێش دەچن. تکایە گەرمترین رێز و سڵاوم بە رێبەر خامەنیی بگەیێنە. بەهۆی پشتیوانی ئەو، لە ساڵی رابردووەوە گەیشتووینەتە ئاستێکی باش."
وڵاتانی رۆژئاوا تارانیان تۆمەتبار کردووە بە پشتیوانیکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە رێگەی دابینکردنی ژمارەیەکی گەورەی درۆن و چەکەکانی دیکەوە.
هەردوو سەرۆک هەروەها باسیان لە شەڕی دوو مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد کە بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.
پووتین لەو بارەیەوە گوتی: "زۆر گرنگە بۆ ئێمە بیروڕامان دەربارەی دۆخی ناوچەکە ئاڵۆگۆڕ بکەین، بە تایبەتی سەبارەت بە دۆخی فەلەستین."
ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، پووتین لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی قسەیکرد و هەوڵیداوە وەک نێوەندگیرێک رۆڵ بگێڕێت.