پەرلەمانی دانیمارک سووتاندنی قورئانی پیرۆز قەدەخە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دانیمارک بڕیاریدا سووتاندنی قورئانی پیرۆز قەدەخە بکات. هاوکات، سزای پێبژاردن و بەندکردن بۆ شکاندنی یاسا لەو بارەیەوە دیاری دەکات. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، پەرلەمانی وڵاتە ئەوروپییەکە یاسایێکی پەسەند کرد کە "مامەڵەی ناشیاو" لەگەڵ دەقە ئایینییەکان بە تاوان دادەنێت، بەوەش سووتاندنی قورئانی پیرۆزی قەدەخە کرد، دوای ئەوەی کە هاوینی ئەم ساڵ چەند جارێک پەرتووکە ئاسمانییەکە سووتێنرا، کە بووە هۆی ناڕەزایی توندی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان.
 
پەرلەمانی دانیمارک کە 179 کورسیی هەیە، بە 94 دەنگی بەڵێ و 77ی نەخێر یاسایەکەی پەسند کرد کە "مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئەو دەقانەی گرنگیێکی ئایینی گەورەیان بۆ کۆمەڵەیەکی ناسراوی ئایینی هەیە" قەدەخە دەکات. 
 
یاساکە سووتاندن، دڕاندن، یان سووکایەتیکردن بە هەر پەرتووکێکی پیرۆز قەدەخە دەکات. 
 
ئەوانەی یاساکە پێشێڵ دەکەن، بە پێبژاردن یان تاوەکو دوو ساڵ بەندکردن سزا دەدرێن. 
 
هاوینی ئەم ساڵ، دانیمارک و سوێدی دراوسێی بوونە مایەی توڕەیی موسڵمانانی سەرانسەری جیهان، دوای ئەوەی کە مۆڵەتیان بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز دا. 
 
لە کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵ، دوای بانگەوازێکی موقتەدا سەدر، رابەری بزووتنەوەی سەدر، نزیکەی هەزار خۆپێشاندەر  هەوڵیاندا بچنە بەردەم باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
 
لە وەڵامی خراپبوونی دۆخی ئەمنیدا، وڵاتە ئیسکەندەناڤییەکە بە شێوەیەکی کاتی، سنوورەکانی توندوتۆڵ کردن، پێش ئەوەی لە 22ی ئاب ئاساییان بکاتەوە. 
 
بە گوێرەی پۆلیسی دانیمارک، لە 21ی تەممووز تا 24ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، 483 رووداوی سووتاندنی پەرتووکە ئاسمانییەکان و ئاڵای وڵاتان لەو وڵاتە تۆمارکراون. 
 
ئەم یاساییە لە کۆتایی مانگی ئاب پێشنیاز کرا کە رەخنەی هەندێ کەسی بەدوای خۆیدا هێنا بەوەی کە دەبێتە هۆی "سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین."
 
لە ماوەی رابردوودا، راسموس پاڵودان، سەرۆکی پارتی سترام کورسی راستڕۆی دانیمارک چەند جارێک لە دانیمارک و سوێد کۆپیی قورئانی پیرۆزی سووتاندووە. پاڵودان بە کەسێکی تووندڕۆ دەناسرێت و هەڵگری رەگەزنامەی سوێدی - دانیمارکی یە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، پەناخوازێکی عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا، چەند جارێک لە سوێد بێڕێزیی بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز کردووە و سووتاندوویەتی.