ئۆکراینا داوا دەکات رێگەی پێبدەن چەکی دوورمەودا لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دەکات رێگەی پێبدەن چەکی دوورمەودا بۆ پێکانی ئامانجەکان لەنێو رووسیا بەکاربهێنن و دەشڵێت، دەیەوێت لەو رێگەیەوە رووسیا ناچار بە دانوستاندن بکەن.
رۆژی هەینی 6ی ئەیلوولی 2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندیی بەرگری لە ئۆکراینا UDCG لە بنکەی ئاسمانیی رامشتاین لە ئەڵمانیا، باسی لە بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا کرد و گوتی، "ئێمە پێویستە ئەو توانایەمان هەبێت، نەوەک تەنیا لە خاکی دابەشکراوی ئۆکراینا، بەڵکو لەنێو خاکی رووسیاش."
گرووپی پەیوەندیی بەرگری لە ئۆکراینا یان (گرووپی رامشتاین)، گرووپێکی تایبەتە بە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکراینا و لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دامەزرا و نزیکەی 50 وڵات تێیدا ئەندامن.
لەبارەی ئامانج لە بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لەنێو خاکی ئۆکراینا، زیلینکسی گوتی، "ئەوە هانی رووسیا دەدات کە بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت."
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی، "دەبێت وا لە شارەکانی رووسیا و تەنانەت سەربازەکانیش بکەین کە بپرسن پێویستییان بە چییە؟ ئاشتی یان پووتین [سەرۆکی رووسیا]."
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو، رایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستییەکانی ئۆکراینا لە جەنگی دژ بە رووسیا دابین بکەین."
لەبارەی توانای ئۆکراینا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا، ئۆستن گوتی، "چەندین ئامانج لەنێو رووسیا هەن؛ ئۆکراینا توانای زۆری هەیە و دەتوانێت بە درۆن ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بپێکێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە، سوپای رووسیا ئێستا لە هەرێمی دۆنباسی ئۆکراینا لە پێشڕەویدایە و رۆژی پێنجشەممە ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، ئامانجیانە لە بەرەی رۆژئاوای ئۆکراینا زیاتر پێشڕەوی بکەن.
پووتین باسی لە هێرشی سوپای ئۆکراینا بۆ نێو خاکی رووسیا لە هەرێمی کۆرسک کرد و گوتی، ئامانجی هێرشەکە ئەوە بووە کە رێگە لە پێشڕەوییەکانی رووسیا بگرێت، بەڵام بە شکستخواردوو ناوی برد.
بەرەبەیانی رۆژی 06-08-2024 هەزاران سەربازی ئۆکراینی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان هێرشیان کردە سەر رووسیا. هەر زوو رووسیا رایگەیاند، سەربازەکانی دەتوانن ئۆکراینیەکان دەربکەن، بەڵام لەو کاتەوە شەڕی سەخت بەردەوامە و تاوەکو ئێستا ئۆکراینییەکان لەنێو رووسیادان.
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد کە رووسیا بەرەوپێشچوونێکی زۆری لە چەندین ناوچە بەدەستهێنا. ئەوەی ئێستا روودەدات، هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینایە بەتایبەتی دوای بەدەستگەیشتنی چەکێکی زۆر لەلایەن وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاوە.
سوپای رووسیا پێگەی خۆی لە هەرێمەکانی خێرسۆن، زاپۆرۆژییا، دۆنێتسک و لوهانسکدا جێگیرکردووە.