وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پشتیوانی لە دروستکردنی دەوڵەتێکی جیاواز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە دروستکردنی دەوڵەتێکی جیاواز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکات. دەشڵێت: "پشتگیری لە سەربەخۆیی عێراق و دامەزراوە عێراقییەکان دەکەین".
رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەرتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، لە وەڵامی دیاری کوردە، بەرپرسی نوسینگەی رووداو لە واشنتن، لەبارەی رۆژئاوای کوردستان گوتی: "ئێمە پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی جیاواز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکەین."
پاتێڵ گوتیشی: "ئێمە پێمانوایە کە سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکە، بە پرۆسەیەک بەدیدێت کە نوێنەرایەتیی راستەقینەی ئیرادەی گەلی سووریا بکات."
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، رایگەیاند: "وەزیری دەرەوە بە روونی باسی هەڵوێستی ئەمریکای کردووە کە ئێمە پشتگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ناکەین تاوەکو بەرەوپێشچوونێکی راستەقینە دروست نەبێت و لەگەڵ بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە 2254 یەکنەگرێتەوە".
پاتێڵ، لەبارەی هەڕەشەکانی میلیشیاکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران بۆسەر ئەمریکا، گوتی: "ئێمە ئەو هەڕەشانە بە جیدی وەردەگرین و کاری هەرە لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە کە لە سەلامەتیی کارمەندەکانمان لە دەرەوە دڵنیاببینەوە. هەروەها ئێمە بەردەوام نیگەرانی ئەوەین کە کاریگەریی ئێران لە ناوچەکە دەبێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی ناوچەکە و تێکدانی سەقامگیری و دامەزراوە عێراقییەکان و خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراق."
ئەمریکا، بەگوتەی پاتێڵ، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی سەربەخۆیی عێراق و پشتگیری لە بەهێزکردنی دامەزراوە عێراقییەکان دەکات.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: گرووپێکی سەر بە ئێران بەناوی ئەسحابل کەهف، رایانگەیاندووە کە خەباتیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەستپێدەکەنەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن: مقاوەمەی ئەمجارە ئامادەکارییەکی زۆر گەورە و جیاواز دەبێت، هەروەها باڵی چەکداریی حیزبوڵای لوبنانی دوو گرووپیان لە عێراق لەماوەی مانگی رابردوو دامەزراندووە، ئەمریکا ئەو هەڕەشانە بە جیدی وەردەگرێت؟ هەروەها ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی عێراق دەکات کە گرووپەکانی سەر بە ئێران خاوەن هێزن لە بەغدا و خەریکە دەوڵەت پارچە پارچە دەکەن؟
ڤێدانت پاتێڵ: بێگومان ئێمە هەڕەشەکان بە جیددی وەردەگرین، کاری هەرە لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە کە دڵنیابین لەوەی کە کارمەنداەکانمان لە دەرەوە سەلامەتن. هەروەها ئێمە بەردەوام نیگەرانی ئەوەین کە کاریگەریی ئێران لە ناوچەکە دەبێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی ناوچەکە و تێکدانی سەقامگیری و دامەزراوە عێراقییەکان و خۆشگوزەرانی خەڵکی عێراق؛ ئێمە بەردەوان دەبین لە پشتگیریکردنی سەربەخۆیی عێراق و پشتگیری لە بەهێزکردنی دامەزراوە عێراقییەکان دەکەین.
رووداو: سووریای بەشار ئەسەد خەریکە دەگەڕێتەوە مەیدانی ناوچەکە و لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەرەوپێشەوە دەچێت، ئایە ئەمریکا پشتیوانی لە بیرۆکەی دروستکردنی پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان ئیدارەی سەربەخۆی کوردی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئەمریکا و دیمەشق دەکات، تاوەکو پارێزگاری لە داهاتووی ئیدارە سەربەخۆکەیان بکەن، ئێوە گڵۆپی سەوزتان بۆ کورد هەڵکردووە تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق؟
ڤێدانت پاتێڵ: ئێمە پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی جیاواز لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکەین. ئێمە پێمان وایە کە سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکە، بە پرۆسەیەک بەدیدێت کە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی سووریا بکات. ئەوەش لە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە 2254 ئاماژەی پێکراوە، وەزیری دەرەوە بە روونی باسی هەڵوێستی ئەمریکای کردووە کە ئێمە پشتگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ناکەین تاوەکو بەرەوپێشچوونێکی راستەقینە دروست نەبێت و لەگەڵ بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ژمارە 2254 یەکنەگرێتەوە.