لە هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی چین 2 کەس کوژران و 21ی دیکە برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی چین رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە هێرشێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، دووکەس کوژراون و 21ی دیکەش برینداربوون.
هێرشەکە کاژێر 1:20 خولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی چین (8:20 خولەک بە کاتی هەولێر) بووە، لە ناوچەی ژینشیۆنگ لە پارێزگەی یوونان.
میدیاکە دەڵێت، دامودەزگەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. هەروەها هەندێ وێنەی بڵاوکردنەوە کە پێشانیدەدەن، لە هۆڵی پێشوازیی نەخۆشخانەکە، پیاوێک چەقۆیەک لە کەسێک رادەوەشێنێت کە دارێکی بەدەستەوەیە و پۆلیسەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
بە دەگمەن هێرشی هەڕەمەکی لە چین روودەدەن.
چین کۆتوبەندی تووندی خستووەتە سەر چەک بۆ ئەوەی نەگەنە دەستی خەڵکی سڤیل، بەڵام وێڕای ئەوەش، لەم چەند ساڵای دواییدا، چەند هێرشێک لە رێگەی چەقۆوە کراون.
ئابی ساڵی رابردوو، لە پارێزگەی یوونان، پیاوێک کە نەخۆشیی دەروونی هەبوو، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک، دوو کەسی کوشت و حەوتی دیکەی بریندارکرد.
مانگێک پێش ئەوەش، لە هێرشێکی دیکەدا کە بە چەقۆ کرا، شەش کەس لە باخچەیەکی ساوایان لە پارێزگەی گوانگدۆنگ کوژرابوون و یەکێکی دیکەش بریندار کرابوو.
هەروەها لە ئابی ساڵی 2022، لە هێرشێکی دیکەی چەقۆدا بۆ سەر باخچەیەکی دیکەی ساوایان لە پارێزگەی ژیانگشی، سێ کەس کوژران و شەشی دیکەش بریندار بوون.