لە ژاپۆن هێلیکۆپتەرێک کەوتە خوارەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستدا

وێنەیەکی هێلیکۆپتەرەکە دوای کەوتنەخورەوەی.
 
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی پزیشکی لە ژاپۆن، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن رایگەیاند، هێلیکۆپتەرەکە ئەمڕۆ دووشەممە، کەوتووەتە نێو دەریای نزیک باشووری رۆژئاوای ژاپۆن. شەش کەس لە نێو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون کە بەرەو نەخۆشخانەیەک لە شاری فوکوئۆکا لە دوورگەی تسوشیما لە ناوچەی ناگازاکی بەڕێکەوتبوو.
 
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی پەیوەندییان نەما، شەش سەرنشینەکە لەلایەن کەشتییەکەوە لەگەڵ هەلیکۆپتەرەکەدا دۆزرانەوە.
 
پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن رایگەیاند، سێ لەوانە کە دۆزرانەوە جووڵەیان نەمابوو، دواتر پشتڕاستکرایەوە کە گیانیان لەدەستداوە.  
 
ئەوەشی خستەڕوو، سێ کەسەکەی دیکە کە خۆیان بە هێلیکۆپتەرەکەوە گرتبوو، بە زیندوویی مابوونەوە.
 
بەرپرسێک لە کۆمپانیای بەڕێوەبەری هێلیکۆپتەرەکە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هەردوو فڕۆکەوان و میکانیککارەکە ئەزموونیان هەبووە و کەشوهەواش کێشەی بۆ فڕین دروست نەکردووە.
 
باسی لەوەش کرد، لیژنەی سەلامەتی دەریایی نیشتمانی لێکۆڵینەوە دەکات.
 
بەپێی رۆژنامەی ئاساهی شیمبون، هێلیکۆپتەرێک کە هەمان کۆمپانیا بەڕێوەی دەبات، لە تەمموزی ساڵی رابردوودا لە ناوچەی فوکوئۆکا کەوتە خوارەوە و دوو کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا.