ترەمپ: پێناسەکانی ئەمریکا نەبوونایە، چین بە فرۆشتنی تیکتۆک رازی دەبوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر لەبەر پێناسە گومرگییەکانی واشنتن نەبوایە، چین بە فرۆشتنی تیکتۆک رازی دەبوو. 
 
رۆژی هەینی، ترەمپ ئەو وادەیەی بۆ 75 رۆژی دیکە درێژکردەوە کە بە تیکتۆکی دابوو بۆ ئەوەی لە دەرەوەی چین کڕیارێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ئەگەر نا لە ئەمریکا قەدەخە دەکرێت. 
 
ئەو بڕیارەی ترەمپ دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە بە رێژەی 34٪ پێناسی گومرگری بەسەر چیندا سەپاند. 
 
ترەمپ رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئیەر فۆرس وەن) بە رۆژنامەڤانانی گوت: ئێمە لە رێککەوتنێک لەسەر تیکتۆک زۆر نزیکبووین، پاشان چین بەهۆی پێناسەکانەوە رێککەوتنەکەی گۆڕی. ئەگەر کەمێک لە پێناسەکانم کەمکردبانەوە، ئەوان لە 15 خولەکدا رەزامەندییان لەسەر ئەو رێککەوتنە دەدا، ئەمەش هێزی پێناسەکان نیشاندەدات. 
 
ئەپە بەناوبانگەکەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ، کە زیاتر لە 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکیی هەیە، لەژێر هەڕەشەی یاسایەکی ئەمریکادایە کە پار پەسەندکراوە و دەڵێت، یان دەبێت تیکتۆک لە کۆمپانیای (بایت دانس)ی خاوەنە چینییەکەی جیابێتەوە، یانیش لە ئەمریکا قەدەخە بکرێت.
 
ترەمپ جەختیکردەوە کە ئیدارەکەی نزیکە لە رێککەوتنێک بۆ دۆزینەوەی کڕیارێک بۆ تیکتۆک و رێگریکردن لە قەدەخەکردنی کە چەندین وەبەرهێنەری تێدایە، بەڵام وردەکارییەکی کەمی خستەڕوو.
 
بایت دانس، لە کاتێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک لە گفتوگۆدایە، هۆشداریدا کە هێشتا هەندێ "پرسی سەرەکی" ماون چارەسەربکرێن.
 
ئەو کۆمپانیایە زیاتر روونیکردەوە کە "هیچ رێککەوتنێک نەکراوە" و هەر بڕیارێک بدرێت "بەپێی یاسای چینی" مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.