رووسیا: رێگە لە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا دەگرین

رووداو - هەولێر

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئەگەر بەربەست بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی رووسیا دروستبکرێت، مۆسکۆش رێگە لە چوونەدەرەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا دەگرێت. 
 
رۆژی هەینی 7ی نیسانی 2023 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئۆکراینا بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا رایگەیاند، "ئەگەر هیچ ئاسانکارییەک بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی رووسیا نەکرێت، ئەوا رێککەوتنەکە هیچ گرنگییەکی نامێنێت."
 
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "پێمان باشە کە رێککەوتنەکە بەردەوامی هەبێت. رێککەوتنەکە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا هەیە."
 
لە تەممووزی رابردوودا و بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا رێگەی دا دانەوێڵەی ئۆکراینا لە رێگەی دەریای رەشەوە بۆ ماوەی 120 رۆژ هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکرێت.
 
رێککەوتنەکە لە ئاداری ئەمساڵ نوێکرایەوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە، رووسیا رێگە بە ئۆکراینا دەدات بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە دانەوێڵەی هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکات. 
 
لە دوای رێککەوتنەکەوە، ئۆکراینا نزیکەی 27 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی گەیاندوەتە بازاڕەکانی جیهان. رێگرییەکانی بەردەم هەناردەکردنی دانەوێڵەی رووسیا پەیوەندی بە سزاکانی وڵاتانی رۆژئاواوە هەیە کە خستویانەتە سەر کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بانکەکانی تورکیا.
 
ئۆکراینا بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنی دانەوێڵە لە جیهاندا دادەنرێت. بەگوێرەی حکومەتی ئۆکراینا، ساڵی 2021 دانەوێڵەی وڵاتەکە 86 ملیۆن تۆن بووە، بەڵام دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022دا دانەوێڵەی وڵاتەکە لە ساڵی 2022 بۆ 51 ملیۆن تۆن دابەزی.