گوتێرێز بە بۆنەی مانگی رەمەزان و جەژنەکانی جوو و کریستیانەکان داوای یەکڕیزی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

مانگی رەمەزان، جەژنی پەڕینەوەی جووەکان و جەژنی هەستانەوەی کریستیانەکان لەم مانگەدا بەیەک دەگەن. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو بۆنانەوە دەڵێت: "ئەمە ساتێکە بۆ هەموومان بۆ ئەوەی لە پێناو ئاشتیدا یەکبگرین."
 
گوتێرێز لە 2005 بووە کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەو کاتەوە ساڵانە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە پیرۆزبایی و پەیامی هاوسۆزی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان دەکات. لە پۆستەکەی پێشوویدا، هەموو ساڵێک گوتێرێز سەردانی وڵاتێکی دەکرد بۆ ئەوەی کامپی پەنابەران بەسەربکاتەوە. 
 
دوای ئەوەش کە لە ساڵی 2017 بووە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سیاسەتڤانە پۆرتوگالییەکە لەسەر نەریتەکەی بەردەوام بوو؛ نەک تەنیا پەنابەران، بەڵکو سەرنجی لەسەر تەواوی ئەو موسڵمانانە بوو کە لە نەهامەتیدان.
 
لە ساڵانی رابردوودا، گوتێرێز وەک سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی موسڵمانانی مالی، ئەفغانستان، سەنیگال، نایجیر و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی کردووە. 
 
بۆ ئەمساڵ، گوتێرێز سەردانی سۆماڵی کرد؛ وڵاتێک کە بەدەست وشکەساڵی و تێکچوونی ئاساییشی خۆراکەوە دەناڵێنێت. 
ئەمساڵ، بۆنە پیرۆزەکانی جوو و کریستیانەکانیش هاوکاتن لەگەڵ مانگی رەمەزان. 
 
جەژنی هەستانەوەی کریستیانەکان، کە بە بڕوای خۆیان، بە بۆنەی هەستانەوە و رۆیشتنی عیسای مەسیح (د.خ.) بۆ ئاسمان دەیگێڕن، دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە 9ی ئادار. 
 
هەروەها جەژنی پەڕینەوەی جووەکان، کە لە ساڵیادی پەڕینەوەی بەنی ئیسرائیل و موسای پەیامهێن (د.خ.) لە دەریای سوور و رزگاربوونی لە دەستی فیرعەون دەگێڕدرێت، دەکەوێتە 5 تاوەکو 13ی نیسان. 
 
گوتێرێز بەو بۆنەیەوە لە نیویۆرکەوە داوای ئاشتی بۆ جیهان کرد و گوتی: "ئاشتی بەنرخترین شتە کە بتوانین لەم جیهانەدا هەمان بێت. ئێستا ئاشتی بە شێوەیەکی گەورە لە زۆر شوێنی هەسارەکەمان کەمبووەتەوە."
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "ئەمە ساتێکە بۆ کۆبوونەوە و بۆ ئەوانەی بڕوایان بە خوا هەیە، بە شێواز و دەربڕینی جیاواز، بۆ ئەوەی دەنگەکانیان لە نزای هاوبەشدا لە پێناو ئاشتیدا یەکبخەن."