ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی رووسیا و ئۆکراینا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گرژییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر پرسی ئۆکراینا بەردەوامن. وەکو هەوڵێکیش بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی رووسیا بکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین هاوتا رووسییەکەی کۆببێتەوە و رۆژی دواتریش سەردانی ئۆکراینا بکات.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی فەرەنسا، ماکرۆن داوا لە پووتین دەکات لە چوارچێوەی گرووپی نۆرماندی، درێژە بە دانووستاندنەکان لەگەڵ ئۆکراینا بدات و داوای لێبکات پەلهاوێشتنی جووداخوازەکانی ئۆکراینا لە رۆژهەڵات رابگرێت.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، "کاری لەپێشینەم لە پرسی ئۆکراینادا، بریتییە لە دایالۆگ لەگەڵ رووسیا و هێورکردنەوەی گرژییەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە کە ئەوەش لەسەر بنەمای رێککەوتنی مینسک دەبێت. بەردەوامی بە داوای ئەنجامدانی دانووستاندن دەدەم بۆئەوەی پێشکەوتنێک لە هەردوولا هەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر خاکی ئێمە".
 
کرملن دەڵێت، ئەجێندای لەپێشینەی کۆبوونەوەی پووتین لەگەڵ ماکرۆن دووپاتکردنەوەی داوای رووسیا دەبێت بۆ وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنی لە رۆژئاوا کە هەرگیز ئۆکراینا و وڵاتانی نزیک سنووری رووسیا نابنە ئەندام لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ.
 
هەر ئەمڕۆ، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی واشنتن دەکات و بڕیارە پابەندبوونی خۆی بە ناتۆ و لە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە دووپاتبکاتەوە. هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی ئۆکراینا دەکات و بەرەکانی جەنگ لە رۆژهەڵات بەسەردەکاتەوە. ئۆکراینا پێشوازی لەم دەستپێشخەرییانە دەکات و دەڵێت، دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان زیاترە لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان.
 
دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، "شەپۆلی بەردەوامی سەردانی وەفدە دەرەکییەکان لە ئاستێکی باڵادا بۆ ئۆکراینا رێگە قووڵکردنەوەی خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی لەلایەن رووسیاوە دەگرێت. سەرەڕای هەموو ترس و هەڕەشەکان، ئەمڕۆ ئۆکراینا لەسەر پێی خۆیەتی. هاوبەشەکانمان متمانەیان بە ئۆکراینا هەیە و ئەمەش واتای ئەوەیە ستراتیژییەتی هەراسانکاریی رووسیا شکستی هێناوە".
 
ئەمریکا هۆشداری دەدات کە رووسیا 70%ی هێزەکانی بۆ "داگیرکارییەکی گشتگیر"ی ئۆکراینا ئامادەیە. تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکراینا دەگەیێنێتە 150 هەزار سەرباز کە ئەوەش وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو ژمارەیەیە کە پووتین پێویستی پێیەتی بۆ داگیرکارییەکە. دەشڵێت رووسیا زیاتر لە 60 یەکەی سەربازیی لە باکوور، رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا، بەتایبەتی لە نیمچە دوورگەی کریمیا جێگیرکردووە و ئامادەیە بۆ هێرشکردن.