کۆشکی سپی: پارەمان نەماوە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا دژی رووسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کەشێکی سارددا، دارستانی سێربریانسکی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بووەتە یەکێک لە سەنگەرە هەرە گەرمەکانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. ئۆکراینییەکان بە تانک و تۆپ هەوڵی رێگری لە پێشڕەویی هێزەکانی رووسیا دەدەن؛ کۆشکی سپیی ئەمریکاش دەڵێت، پارەیان نەماوە بۆ پشتیوانیکردنیان.
 
سەرما و سۆڵەی زستان بووەتە رێگر لەبەردەم پێشڕەویی هێزی پیادەی ئۆکراینا و رووسیا؛ هەردوولا تاڕاددەیەکی زۆر شەڕەکەیان داوەتە دەست تۆپ، مووشەک و درۆنەکان.
 
بەڵام ئەو ساردیەی کە سەرۆکی ئۆکراینای نیگەران کردووە، بەفری ژێر پۆستاڵی سەربازەکان نییە، بەڵکو ساردبوونەوەی گرنگیدانی وڵاتانی رۆژئاوایە بە ئۆکراینا، لە کاتێکدا هەموو سەرنجەکان لەسەر یارمەتیدانی ئیسرائیلن دژی حەماس.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "هەر لە ئێستاوە لێکەوتەکانی گۆڕانی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی لە ئەنجامی ئەم تراژیدیایەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینین. ئەمە راستییە. تەنیا کەسێکی نابینا هەستی پێ ناکات. ئێمە دەزانین. تێدەگەین کە پێویستە ئێمەش شەڕ بۆ بەدەستهێنانی سەرنج بکەین لەم جەنگە سەرتاسەریەدا. پێویستە رێگە نەدەین خەڵک ئەم جەنگە لەبیربکەن."
 
ناکۆکییەکانی نێو کۆنگرێسی ئەمریکا، بوونەتە سەرچاوەیەکی دیکەی نیگەرانی بۆ ئۆکراینا. کۆشکی سپی هۆشداری دەدات کە پارەیان پێ نەماوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا؛ داوا لە کۆنگرێس دەکات، پارەی زیاتر بۆ ئۆکراینا تەرخان بکات، پێش ئەوەی لە بەرامبەر رووسیا چۆک دابدات و ئاڵای سپی هەڵبکات.
 
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، "پێموایە هەر ئەندامێکی کۆنگرێس پشتیوانی لە پارەدارکردنی ئۆکراینا نەکات، ئەوا دەنگ بە ئەنجامێک دەدات کە وادەکات سەرکەوتن بۆ پووتین ئاسانتر ببێت. واتە، دەنگدان دژی پشتیوانیکردنی ئۆکراینا، دەنگدانە بە باشکردنی پێگەی ستراتیجیی پووتین."
 
کۆنگرێس تاوەکو ئێستا 111 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا تەرخانکردووە. کۆشکی سپی لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا داوای لە کۆنگرێس کرد 106 ملیاری دیکە تەرخان بکات بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا. لەو بڕە پارەیەش، کۆشکی سپی 60 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا داناوە.
 
بەڵام کۆماریەکانی کۆنگرێس ئامادە نین گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن، چونکە پێیانوایە ئیدارەی بایدن هیچ روانگەیەکی ستراتیجی و روونی نییە بۆ ململانێی ئۆکراینا. بەشێکیشیان دەڵێن، تەنیا لە بەرامبەر داخستنی تەواوەتیی سنووری ئەمریکا بەڕووی کۆچبەراندا، ئامادەن داواکەی کۆشکی سپی پەسند بکەن.