لە بەرلین و رۆما خۆپێشاندانی پاڵپشتی بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
51 رۆژ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت، بەڵام جیهان هێشتا لە شۆکی ئەو مردنە دەرنەچووە کە خۆپێشاندانی لە 133 شار و شارۆچکەی ئێران هەڵگیرساندووە.
لە سەنتەری شاری بەرلین هاونیشتمانیانی دانیشتووی ئەڵمانیا و هاووڵاتییانی بە رەچەڵەک ئێرانی هاوسۆزی بۆ خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەردەبڕن؛ هاوکات داوای گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر ئێران دەکەن.
نوێنەری خۆپێشاندانەکان لە بەرلین دەڵێت، "خاتوو بێربۆک پێویستە داوا لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە ئێران بکات بگەڕێتەوە ئەڵمانیا. خاتوو بێربۆک، پێویستە بە زووترین کات ئیبراهیم رەئیسی و تەواوی سوپای پاسداران بخرێنە نێو لیستی تیرۆری ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپاوە."
خۆپێشاندەران دەڵێن، لەم رێگەیەوە دەیانەوێت ئەو دۆخە پیشانی جیهان بدەن کە هاونیشتمانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئێرانی تێکەوتووە.
وەکو خۆیان دەڵێن، دەیانەوێت بەو درووشم و پەیامە تووندانەی دەریدەبڕن، ببنە دەنگ و رەنگی ئەو کەسانەی لە نێوخۆی وڵاتەکەیان دووچاری تووندوتیژی دەبنەوە.
نوێنەری خۆپێشاندانەکان پێیوایە، "ژنانی ئێران بە ئازایەتی و ژیانی خۆیان مێژووی مافی مرۆڤی ئەم سەردەمە دەنووسنەوە."
لە رۆمای ئیتاڵیاش خۆپێشاندان کرا؛ خۆپێشاندەران بەدەم بەرزکردنەوە و گوتنەوەی درووشمەوە رێپێوانیان بەنێو شەقامەکاندا کرد و داواشیان لە حکومەتی وڵاتەکەیان کرد، لە مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر خەڵک بێدەنگ نەبێت.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکان گیانیان لەدەستداوە 304 کەسن کە 41یان منداڵن و 24یشیان ژنن.