لێکۆڵینەوەیەک: تاوەکو سەردەمی داینەسۆرەکان مانگ گڕکانی هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
زانست دەڵێت، سەردەمانێک مانگ پڕ بووە لە گڕکانی گەورە و چالاک. باوترین بەردی سەر رووی مانگ ئەو بەردە رەشە گڕکانیانەن کە پێیان دەگوترێت بازاڵت. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، گڕکانەکانی مانگ رەنگە زۆر زیاتر لەوەی بیری لێ دەکرایەوە، مابنەوە.
زانایان لێکۆڵینەوەیان لەسەر نموونەی ئەو خۆڵ و بەردانە کردووە کە لە لایەن گالیسکەی چانگ ئی 5ی چینەوە لەسەر رووی مانگ کۆکراوەتەوە و دەڵێن، بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە "حەپەساون،" بەڵام "دڵخۆشیش"ن، چونکە بۆیان دەرکەوتووە، تاوەکو 120 ملیۆن ساڵ لەمەوبەریش مانگ پڕ بووە لە گڕکانی چالاک. لەو سەردەمەدا هێشتا داینەسۆرەکان لە لووتکەی گەشەی خۆیاندا بوون لەسەر زەوی.
دەیان ساڵ بوو زانایان بڕوایان وابوو، گڕکانەکانی زەوی ملیاران ساڵ لەمەوبەر خامۆش بوون.
لە کاتی گەشتەکانی ئەپۆڵۆی ئەمریکا لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ئاسمانەوانان چەند نموونەیەکی خاک و بەردی مانگیان گەڕاندەوە سەر زەوی؛ دوای پشکنینیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی لەنێوان 4.4 ملیار تاوەکو 2 ملیار ساڵ لەمەوبەر مانگ پڕبووە لە گڕکان، بەڵام دوای ئەوە وردە وردە کوژاونەتەوە.
ئەو گڕکانانە بوونەتە هۆی دروستبوونی پەڵەی رەش و تاریک لەسەر رووی مانگ کە لە زەوییەوە دیارن.
دوای ئەوەی کە گالیسکەی چانگ ئی 5ی چین لە 16ی کانوونی یەکەمی 2020 گەڕایەوە سەر زەوی، تێڕوانینی زاناکان گۆڕا.
لەدوای گەشتەکانی ئەپۆلۆ و گەشتی لونا 24ی یەکێتیی سۆڤیەت لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، گالیسکەی چانگ ئی 5 یەکەمین سەرکێشیی مرۆڤ بوو بتوانێت دووبارە نموونەی خاکی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی.
چین هەروەها بووە یەکەمین وڵات بتوانێت خاک و خۆڵی دیوە تاریکەکەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی، ئەوەش لە رێگەی گالیسکەی چانگ ئی 6ـەوە لە 1-6-2024.
زانایانی پەیمانگەی جیۆلۆجی و جیۆفیزیای ئەکادیمیای زانستی چین نموونە نوێیەکانیان شیکردەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای سرووشتی گڕکانەکانی مانگ بن.
لە کۆی زیاتر لە 3 هەزار دەنکە خۆڵی مانگ تەنیا 3 دەنکیان وەک خۆیان مانەوە. ئەوانە دەنکە بەردی بچووکی گڕکانی بوون لەو بەردە تواوانە دروستببوون کە لەگەڵ گڕکانەکە فڕێدرابوونە دەرەوە و پاشان بە خێرایی ساردببوونەوە.
ئەو سێ دەنکە بەردە، پێکهاتەی کیمیایی و روواڵەتیان لەوانی دیکە جیا بوو.
زاناکان کە ئەمەیان دۆزییەوە، کارە زەحمەتەکە ئەوە بوو بزانن کەی دروستبوون.
بۆ ئەوەی تەمەنی ئەو دەنکە بەردانە بزانن، زانایان پشکنینی یۆرانیۆم و قورقوشمیان کرد کە بریتییە لە پێوانەکردنی رادەی گۆڕانی گەردەکانی یۆرانیۆم بۆ زڕتوخمی قوڕقوشم.
ئەنجامەکە بۆ زانیان چاوەڕواننەکراو بوو. دەنکە بەردەکان 123 ملیۆن تا 115 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دروستبوون. بەو شێوەیە بوونە نوێترین بەڵگەی گڕکانەکانی مانگ.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە گۆڤاری Scienceی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.