پاسێکی پۆڵەندی لە کرواتیا وەرگەڕا و 11 کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پاسێکی پۆڵەندی لە کرواتیا وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 11 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
رۆژی شەممە 6ـی ئابی 2022، وەزارەتی ناوخۆی کرواتیا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، پاسێک کە بەرەو زاگرێبی پایتەختی کرواتیا چووە لەڕێگەکە دەرچووە و وەرگەڕاوە؛ گوتیشی، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لانیکەم 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و "ژمارەیەکی دیکەش" برینداربوون. 
 
مارکۆ موریک، گوتەبێژی پۆلیسی زاگرێب گوتی، رووداوەکە کاژێر 4:40 خولەکی بەیانی بە کاتی زاگرێب [6:40 خولەکی بەیانی بە کاتی هەولێر] روویداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پاسەکە لەڕێگە دەرچووە. بەگوێرەی پۆلیس، رووداوەکە 60 کیلۆمەتر لە زاگرێبی پایتەختەوە دوور بووە. 
 
کڕواتیا دەکەوێتە سەر دەریای نێوەڕاست و بەو پێیەش کەناراوەکانی بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە؛ گوماندەکرێت ئەو پاسە لە پۆڵەنداوە گەشتیاری بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی زاگرێب گواستبێتەوە. 
 
بەگوێرەی بۆردی گەشتوگوزاری نیشتیمانیی کرواتیا، لە ساڵی 2021دا 13.8 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە کە یەک ملیۆنیان گەشتیاری پۆڵەندی بوون. پێش سەرهەڵدانی کۆرۆناش، ساڵانە لانیکەم 19 ملیۆن گەشتیار لە دەرەوەی وڵاتەکەوە، سەردانی کرواتیایان کردووە.