سوێد، تورکیا و ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانی سوێد و تورکیا و ناتۆ لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە و تاوتوێی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکە دەکەن.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی تەممووزی 2023 بەڕێوەدەچێت و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرایەتیی تورکیا دەکات.
 
شەوی رابردوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی کرد. لە بەیاننامەیەکدا کە نووسینگەی بلینکن بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، بانگهێشتی تورکیایان کردووە بۆ پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ، هەروەها لەسەر پرسی درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە لە دەریای رەش کە خەریکبوو کۆتایی پێبێت، گفتوگۆ کراوە.
 
ئۆڵف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد کە شەوی رابردوو لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە رایگەیاند، کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ کە لە 11-12ی تەممووز لە ڤێڵنیاسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت، "کاتێکی سرووشتییە" بۆ بەشداریکردنیان لە هاوپەیمانییەکە.
 
سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەوان "چاوەڕوانن" بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ و ناتۆ لەگەڵ سوێد دەبێتە هاوپەیمانییەکی بەهێزتر.
 
لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەوی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند، "گۆڕانکاریی یاسای دژەتیرۆری سوێد هەنگاوێک بوو بە ئاراستەیەکی دروستدا، بەڵام ئەم هەنگاوە بێهودە بوو، چونکە رێگە بە لایەنگرانی پەکەکە درا خۆپێشاندان بکەن."
 
لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆدا تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون کە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پەسند بکەن. هەنگاریا کە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا باشترە، پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر تورکیا رەزامەندیی لەسەر بدات، ئەویش رازی دەبێت.
 
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە، بەڵام هەردوو وڵات لەلایەن تورکیاوە رێگرییان لێکرا.
 
حکومەتی تورکیا ئەمساڵ ئەندامێتیی فینلاندی لە ناتۆ پەسند کرد و رایگەیاند، بەڵێنەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام سوێد هێشتا هەنگاوی ماوە بیگرێتەبەر.
 
دوای ئەوەی یاسای نوێی دژەتیرۆری سوێد لە 1ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە خرایە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ یەکەمجار لە وڵاتەکەدا کەسێک تۆمەتبار کرا بە کۆکردنەوەی باج بۆ هاوکاریکردنی پەکەکە، کە ئەنقەرە وەکو هەنگاوێکی ئەرێنی پێشوازیی لێکرد.
 
لە لایەکی دیکەوە رێگەدان بە کەسێک بۆ سووتاندنی قورئان لە سوێد گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروستکرد.
 
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ، کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.