ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا؛ لە هۆڵەندا چەپەکان براوەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە هۆڵەندا پێشانیدەدات کە هاوپەیمانیی چەپەکان بە بردنەوەی 8 کورسی لە پێش ئەوانی دیکەوەیە.
کاژێر 9:00ی شەو بەکاتی هۆڵەندا، (کاژێر 10:00ی شەو بەکاتی هەولێر)، بنکەکانی دەنگدان داخران. پارتی راستڕۆی تووندڕۆی PVV کە لە راپرسییەکاندا لە پێشەوە بوو، حەوت کورسی بەدەستهێناوە.
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەگەڵ ئەنجامی دەنگدانی 26 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا رادەگەیێنرێن.
هاوپەیمانیی چەپ لە پارتی سەوز و پارتی کرێکاران پێکدێت.
ئەوانی دیکە ئەنجامەکانیان بەم جۆرەن:
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراتی: 4 کورسی
بانگەوازی کرستیانی دیموکرات: 3 کورسی
بزووتنەوەی دیموکراتی 66: 3 کورسی
بزووتنەوەی جووتیار و هاووڵاتییان: 2 کورسی
پارتی ڤۆڵت، گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتی، پارتی رێفۆرمی سیاسی و پارتی بۆ گیانەوەران هەر یەکێکیان تەنیا 1 کورسییان بەدەستهێناوە.
لەم چوار رۆژەدا، یەکێتیی ئەورووپا پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت کە سیاسەتی پێنج ساڵی داهاتووی یەکێتییەکە دیاریدەکات. راپرسییەکان دەریدەخەن، پارتە راستڕۆ و تووندڕۆ دژە کۆچبەرەکان دەنگیان زیاد دەکات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی پێنجشەممە لە هۆڵەنداوە دەستیپێکرد. سەرووی 300 ملیۆن کەس لە سەرانسەری یەکێتییە 27 ئەندامییەکە مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەی 720 کورسی پەرلەمان هەڵبژێرن.