کارگەیەک لە ئەڵمانیا لە رێگەی چوکلێتەوە بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کارگەی سێرکیولار کاربۆن لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی جیاواز رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتەوە. کارگەکە لە رێگەی بۆرییەکەوە، توێکڵی کەکاو لە کارگەی چوکلێتەکەی دراوسێیەکەیەوە وەردەگرێت، لەنێو کارگەکە دەیکاتە خەڵووزی زیندەیی؛ بەرهەمێك کە لەو پاشماوە گیایی و کشتوکاڵییانە دروستدەکرێت کە لە پلەی گەرمیی بەرزدا شیبوونەتەوە.
 
رێناتا کۆنستێتەر، ئەندازیار لە کارگەی سێرکیولار کاربۆن دەڵێت، "ئەمانە ئەو توێکڵانەی کەکاون کە لە هاوبەشەکەمان وەریدەگرین لە تەنیشت کارگەکەی خۆمان. هەر بۆ ئەوەش ئەو هاوبەشییەمان کردووە."
 
خەڵووزە زیندەییەکە لە رێگەی گەرمکردنی توێکڵەکانی کەکاوەوە بەرهەم دێت، لە ژوورێکدا کە هیچ ئۆکسجینی تێدا نەبێت و گەرمییەکەی 600 پلەی سیلیزی بێت، دەتوانێت لەو 40 ملیار تۆن کاربۆنەی ساڵانە فڕێدەدرێت، 2.6 ملیار تۆن کەمبکاتەوە.
 
هەرچەندە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە، بەڵام ئاسۆی برەوسەندنی روونە. پێیک ستێنلۆند، بەڕێوەبەری گشتیی سێرکیولار کاربۆن باسی لەوە کرد، "ئێستا ئەوەی دەیبینی، ئاراستەکە روو لە بەرزییە؛ بازاڕ گەشە دەکات و توانای بەرهەمهێنانی خەڵووزی زیندەیی زۆر خێرا گەشە دەکات. پێموایە بە دڵنیاییەوە دەبێتە بازاڕێکی ملیارەها دۆلاری لە داهاتوودا."
 
بەرهەمەکە دەفرۆشرێتە جووتیاران و بۆ یەکەمجارە وەکو پەینی کیمیایی لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێت.
 
سیلڤیۆ شمیدیت، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە بۆ تاقیکردنەوەیە، چونکە ئێمە لێرە خاکی زۆر نەرممان هەیە، کە وەکو دەبینیت، لەو شوێنەی کە بایەکی زۆر هەیە، خاکەکە بە خێرایی دەڕووخێت، و لەڕاستیدا هیوادارین لەگەڵ ئەو بەرهەمەدا خاکەکە ئاوی زیاتر گلبداتەوە و مادەی خۆراکیی زیاتر بۆ بەرهەمەکان دەستەبەر بکات، ئەوەش ئامانجەکەیە."
 
فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئەوروپا دەڵێت، پڕۆژەکانی خەڵووزی زیندەیی لە تەواوی کیشوەرەکە لە زیادبووندان و، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە 90 هەزار تۆن کە دوو هێندەی پارە.