رووسیا و چین لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەمریکا بە تێکدانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمەتبار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای رووسیا، لە بارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، رووسیا و چین، ئەمریکایان تۆمەتبارکرد بەوەی بەو هێرشانە، سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێکداوە.
درەنگی شەوی هەینی تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی شەممە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر 85 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا، ئەوەش لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی، کە لە 28ـی کانوونی دووەم، لە بنکەیەکی ئوردن کەوتنە بەر هێرشی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو.
ئەمریکا لەو هێرشانەدا پێگەی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارە عێراقی و سوورییەکانی کردە ئامانج، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی مەترسیی فراوانبوونی جەنگی غەززە، جەنگێک کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بەردەوامە.
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی گوت "روونە، کە هێرشەکانی ئەمریکا بەتایبەتی و بەمەبەست بۆ خۆشکردنی ئاگری ململانێییە."
هاوکات جون ژانگ، باڵیۆزی چین گوتی "گومانی تێدا نییە، کارەکانی ئەمریکا سووڕی تووندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خراپتر دەکات."
تووڕەیی ناوچەکە لەبەرامبەر جەنگی وێرانکەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لەزیادبووندایە، کە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دوای خۆیدا هێناوە.
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد "هەموو لایەنەکان لە لێوارەکە بکشێنەوە و، بیر لە ئەگەری باجی مرۆیی و ئابووری لەتوانابەدەری ململانێیەکی هەرێمی بکەنەوە."
رۆزماری دیکارلۆ، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بەرقەرارکردنی ئاشتی گوتیشی "داوا لەو ئەنجوومەنە دەکەم چالاکانە بەردەوام بێت لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە هەڵچوونی زیاتر و خراپتربوونی گرژییەکان کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاساییشی هەرێمی."
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ناڕەزایی حکومەتەکانی عێراق و سووریای لێکەوتەوە، لە پاڵ ئێران کە رەتیدەکاتەوە هیچ رۆڵێکی لە هێرشە درۆنییەکەی مانگی رابردوودا هەبووبێت.
ئەمیر سەعید ئیراوانی، باڵیۆزی ئێران بە ئەنجوومەنەکەی گوت "هەر هەوڵێک بۆ بەستنەوەی ئەو کارانە بە ئێران یان هێزە چەکدارەکانی، هەوڵی چەواشەکار، بێبنەما و قبووڵنەکراوە."
ئیراوانی هەروەها گوتی، ئەگەر ئێران رووبەڕووی "هەر هەڕەشە، هێرش یان دوژمنکارییەک ببێتەوە کە کاریگەری بخاتە سەر ئاسایشییەکەی، ئەوا بێ دوودڵی مافی سرووشتیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز بەکاردەهێنێت."
رۆژی یەکشەممە، کۆشکی سپی رایگەیاند، پلانی بۆ هێرشی زیاتر هەیە.
رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا گوتی "با بە روونی پێتانبڵێم، ئەمریکا حەزی لە ململانێی زیاتر نییە لە ناوچەکە، لەکاتێکدا ئێمە کاردەکەین بۆ پێشگرتن و کەمکردنەوەی ململانێی غەززە."
هەروەها گوتیشی "ئێمە ململانێی راستەوخۆمان لەگەڵ ئێران ناوێت، بەڵام بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان دژی هێرشە قبووڵنەکراوەکان. نووقتەی سەری دێڕ."