ئەپڵیکەیشنێک پەیوەندیی نێوان سەگ و خاوەنەکەی ئاسان دەکات؛ "دەتوانن گفتوگۆ بکەن"


رووداو دیجیتاڵ 

سەگێک لەگەڵ خاوەنەکەیدا گفتوگۆ دەکات و توانای هەیە لە رێگەی چەند دووگمەیەکەوە کە لەبەردەستی دایە، هەرچییەکی بووێت داوای بکات و وەڵامی پرسیاریش بداتەوە. 
 
ئەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە دەکرێت کە رێکخراوی فلوێنت پێت بۆ پەرەدان بە پەیوەندی سەگ و مرۆڤ دروستیکردووە.
 
لیۆ ترۆتیار، خاوەنی بیرۆکەکەیە و دەڵێت: "من و تیمەکەشم پێشینەمان لە بابەتی تەکنەلۆژیای تایبەت بە پەیوەندی بەستن لەگەڵ سەگەکاندا هەیە. هەستمانکرد دەتوانین کارێکی پێشکەوتووتر بکەین و سیستمێکی ئاسانتر بۆ خەڵک دروستبکەین."
 
چۆنێتی کارکردنی سیستمەکە بەو جۆرەیە، خاوەنی سەگەکە چەند دووگمەیەک کە هەریەکەیان رەنگێکیان هەیە و داواکاریی جیاوازیان لەسەر تۆمار کراوە، لەبەردەم سەگەکەدا دادەنێت.
 
لە دواتردا ئەو ئاژەڵە لەگەڵ رەنگەکان و ئەو کردارەدا کە لەسەریان تۆمارکراوە رادێت و هەر کات بیەوێت کارێکی دیاریکراو بکات دەست لەسەر ئەو رەنگە دادەنێت. 
 
خاوەنی بیرۆکەکە دەڵێت، پێشوازییەکی باش لە ئامێرەکە کراوە و نرخەکەشی 35 دۆلارە.
 
لیۆ ترۆتیار ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر بتەوێت بە سەگەکەت بڵێیت با پیاسە بکەین، ئەوە شتێکە زۆر دڵیان پێی خۆشدەبێت. بۆیە دەتوانیت ئەو وشەیە لەسەر یەکێک لە دووگمەکان دابنێیت و سەگەکەی لەسەر رابهێنیت." 
 
ئەو ئامێرە، لە پێشانگای ساڵانەی ئەلیکترۆنی لاس ڤێگاس نمایشکراوە کە گەورەترین بازاڕی کەرەستەی تەکنەلۆژییە لە جیهاندا.
 
پێشانگاکە کە 5ی ئەم مانگە کراوەتەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت؛ پێشبینی دەکرێت لانیکەم 100 هەزار کەس سەردانی بکەن.