فەرمانگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا: لە ئینگلاند و وێڵز زۆرترین منداڵ بەناوی محەممەدەوە کراون
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی فەرمانگەی نیشتمانیی ئاماری بەریتانیا، جارێکی دیکە ناوی محەممەد بووەتەوە زۆرترین ناوی کوڕان لەو وڵاتە.
ناوی محەممەد بە رێنووسی ئینگلیزی، بە چەند شێوازێکی جیاجیا دەنووسرێت، لە ساڵانی رابردوودا، ئەگەر هەموو ئەو شێوازە جیاوازانە کۆکرابانەوە، ناوەکە دەبووە زۆرترین ناوی بەکارهاتوو بۆ کوڕان.
ئەوەی کە ئەم جارە جیای دەکاتەوە، ئەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژووی شانشینەکەدا، ناوەکە بە یەک شێوازی نووسین، کە بە Muhammad دەنووسرێت، پلەی یەکەمی زۆرترین ناوە بەکارهێنراوەکانی گرتووە.
بە گوێرەی ئاماری فەرمانگەکە، لە ساڵی 2023، ناوی محەممەد (Muhammad) لە پێش ناوی (نواهـ)ی داوە و بووەتە زۆترین ناوەی بەکارهاتوو بۆ کوڕان. نواهـ کە ناوی ئینگلیزیی پەیامبەر نووحە، دووەم بووە. ئۆلیڤەریش لە پلەی سێیەمدا هاتووە.
ساڵی 2023، چوار هەزار و 661 منداڵ لە ئینگلاند و وێڵز، بە ناوی محەممەدەوە کراون، واتە ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 بەرزبووەتەوە کە لەو ساڵەدا، چوار هەزار و 177 منداڵ ناونرابوون محەممەد. ئەمە بێ هەژمارکردنی شێوازە جیاوازەکانی دیکەی نووسینی ناوەکە وەک: Mohammed, Mohammad, Mohamed, Muhammed و هتد.
زانیارییەکانی فەرمانگەی داتای نیشتمانیی بەریتانیا هەروەها پێشانی دەدات، لە ساڵی 2023، ناونانی کوڕان بە نواهـ کەمبووەتەوە، بە جۆرێک لەو ساڵەدا چوار هەزار و 382 منداڵ بەو ناوەوە نراون، بەراورد بە چوار هەزار و 586 لە ساڵی پێشتر.
لەنێو کچانیشدا، ئۆلیڤیا، ئەمێلیا و ئیسلا لە پلەی یەکەم تا سێیەم دێن.