کۆشکی سپی: ئەمریکا هەوڵی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، رەنگە ئەمریکا هێزێکی دەریایی دابمەزرێنێت بۆ یاوەریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەمەش دوای ئەوەی کە سێ کەشتیی دیکە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هێرشیان کرایەسەر.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 04-12-2023 گوتی، واشنتن لە گفتوگۆیەکی چالاکدایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە پێکهێنانێی هێزێک، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام هەنگاوێکی لەو جۆرە بە کاردانەوەیەکی "سرووشتی" بۆ هێرشەکان دەبینن.
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، حوسییەکانی یەمەن بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردووەتە سەر سێ کەشتیی بازرگانی، لەکاتێکدا کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا سێ درۆنی بۆ بەرگریکردن لە خۆی خستوونەتە خوارەوە. ئەو رووداوانە بەشێک بوون لە زنجیرەیەک پەرەسەندنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە لەدوای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، گرژیی بەخۆیەوە بینیوە.
سولیڤان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە گفتوگۆداین سەبارەت بە هێزێکی دەریایی، بە جۆرێک کە کەشتیی وڵاتانی هاوبەشمان شانبەشانی کەشتییەکانی ئەمریکا بتوانن بە سەلامەتی تێپەڕبن." ئاماژەی بەوەش کرد، لە شوێنەکانی دیکە هێزی لەو شێوەیە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان بەکاردەهێندرێت، لەنێویاندا لە کەناراوەکانی سۆماڵ.
هێرشی حوسییەکان هاتووچۆ لە یەکێک لە گرنگترین هێڵەکانی کەشتیوانیی جیهان و بازرگانیی نێودەوڵەتیش دەخەنە مەترسییەوە. فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەڵێت، رۆژانە 8.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی دەریای سوور و گەرووی بابولمەدەبەوە دەرباز دەبێت، کە ئەو شوێنە لە مەودای دەستپێگەیشتنی حوسییەکاندایە. ئەو کەشتییانەی بەوێدا گەشت دەکەن نەوت و گازی سرووشتی لە کەنداوەوە بەرەو ئەوروپا، ئەمریکا و چین دەگوازنەوە.
هەروەها دەریای سوور و بابولمەندەب بەشێکن لە رێڕەوێکی گرنگی کەشتییە بازرگانییەکان بەگشتی، کە ساڵانە ملیۆنان تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی و کاڵای دیکە دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکان.
سولیڤان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا حوسییەکان "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە"، لە کۆتاییدا پشتیوانکارە ئێرانییەکانی گرووپەکە لە هێرشەکانی بەرپرسیارن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئەوەشی خستووەتەڕووو، "چەکەکانیان لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێن. ئێمە باوەڕمان وایە، ئەوان لایەنی بەرپرسیارن لەم کارەدا."
سولیڤان ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پێیوانییە ئەو سێ کەشتییەی لەلایەن حوسییەکانەوە لێیاندراوە، هەموویان پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت.