دوایین راپرسییەکان: ترەمپ لە زۆربەی ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان لەپێش هاریسە
رووداو دیجیتاڵ
دوایین راپرسییەکان دەریدەخەن کە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان زۆربەی خاڵەکانی ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی دەکاتەوە. ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان حەوت ویلایەتن و براوەیان دەبێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمڕۆ لە ئەمریکا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت و دوایین راپرسییش کە کۆکراوەی کۆمەڵێک راپرسیی متمانەپێکراوی نێو ئەمریکایە دەریدەخات، ترەمپ لە 7 ویلایەتی خۆڵەمێشییەکان، دەنگی پێنجیان لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
ئەوەی دەبێت بیزانیت
لە ئەمریکا 50 ویلایەت هەن؛ هەر ویلایەتێک کۆمەڵێک کەس لەخۆدەگرن کە پێیان دەگوترێت کۆمەڵەی هەڵبژاردن (electoral college) و بۆ ئاسان تێگەیشتن ئێمە (خاڵ) بەکاردەهێنین.
بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی هەر ویلایەتێک، خاڵ دادەنرێت. هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا 538 خاڵیان هەیە. بۆ نموونە، کالیفۆرنیا 54 خاڵی هەیە و زۆرترینە، ئەوەش لەبەرئەوەی ژمارەی دانیشتووانی زۆرترینە و 38 ملیۆن و 970 هەزار کەس لەو ویلایەتە دەژین.
ویلایەتی وایۆمینگ تەنیا 3 خاڵی هەیە، چونکە دانیشتووانەکەی 580 هەزار و 202 کەسە.
بۆ نموونە، دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا 5 ملیۆن دەنگ دەهێنێت و کامالا هاریس 5 ملیۆن و 1 دەنگ دەهێنێت. لەو کاتەدا کامالا هاریس سەرجەم 54 خاڵەکە دەباتەوە و دۆناڵد ترەمپیش هیچ دەنگێک نابات. ئەمەش درووشمی هەڵبژاردنی ئەمریکایە کە دەڵێت، "براوە هەموو خاڵەکان دەباتەوە."
بەگوێرەی راپرسییەکان، لە ویلایەتە یەکلاییبووەکان ترەمپ 219 خاڵ و هاریسیش 211 خاڵی مسۆگەر کردووە و لە بەشێکی ئەو ویلایەتانە تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنیش نەبوو.
هەموو شەڕەکە لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان کە 97 خاڵیان هەیە.
ترەمپ پێویستە 51 خاڵی دیکە بەدەستبهێنێت و هاریسیش 59 خاڵ، ئینجا گرنگ نییە لە کام ویلایەت بۆئەوەی هەر کامێکیان ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
ئەگەر ترەمپ 270 خاڵ و هاریس 269 خاڵ بەدەستبهێنێت، ئەوا هەر ترەمپ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا؛ پێچەوانەکەیشی راستە.
ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان بریتین لە ئەریزۆنا، نیڤادا، ویسکۆنسن، میشیگن، پێنسلڤانیا، کارۆلاینای باکوور و جۆرجیا.
ئەریزۆنا 11 خاڵ، نیڤادا 6 خاڵ، ویسکۆنسن 10 خاڵ، میشیگن 15 خاڵ، پێنسلڤانیا 19 خاڵ، کارۆلاینای باکوور 16 خاڵ و جۆرجیا 16 خاڵیان لەسەرە؛ واتە ئەو ویلایەتانە پێکەوە 97 خاڵیان هەیە.
بەگوێرەی راپرسییەکان، ترەمپ لە هەریەکە لە ویلایەتەکانی ئاریزۆنا، نیڤادا، پێنسلڤانیا، کارۆلاینای باکوور و جۆرجیا براوە دەبێت. ئەگەر ئەوە رووبدات، 68 خاڵ لەو ویلایەتە خۆڵەمێشییانە بەدەستدەهێنێت، بەوەش ترەمپ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
بەگوێرەی راپرسییەکان، هاریس لە ویسکۆنسن و میشیگن براوە دەبێت کە پێکەوە 25 خاڵیان هەیە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.
پێنسلڤانیا بە گرنگترین ویلایەتی خۆڵەمێشییەکان دادەنرێت. ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2016 بە جیاوازیی 1 خاڵ ویلایەتەکەی بردەوە، بەڵام بە هەمان خاڵ لە هەڵبژاردنی 2020 ویلایەتەکەی دۆڕاند.
کارۆلاینانی باکوور لە هەڵبژاردنی 2008ـەوە دەنگی بە بەربژێری دیموکراتەکان نەداوە.
ئەنجامی دوایین راپرسی لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان بەم شێوەیە:
دوایین راپرسی لە ئەریزۆنا: ترەمپ 49.1%ی دەنگەکان؛ هاریس 47.7%ی دەنگەکان
دوایین راپرسی لە نیڤادا: ترەمپ 48.2%ی دەنگەکان؛ هاریس 47.6%ی دەنگەکان
دوایین راپرسی لە ویسکۆنسن: ترەمپ 48.2%ی دەنگەکان؛ هاریس 48.6%ی دەنگەکان
دوایین راپرسی لە میشیگن: ترەمپ 47.8%ی دەنگەکان؛ هاریس 48.3%ی دەنگەکان
دوایین راپرسی لە پێنسلڤانیا: ترەمپ 48.5%ی دەنگەکان؛ هاریس 48.1%ی دەنگەکان
دوایین راپرسی لە کارۆلاینای باکوور: ترەمپ 48.7%ی دەنگەکان؛ هاریس 47.5%ی دەنگەکان
دوایین راپرسی لە جۆرجیا: ترەمپ 49.7%ی دەنگەکان؛ هاریس 47.8%ی دەنگەکان