شەڕی غەززە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا هەیە و بەشێکی زۆری موسڵمانان لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانن
رووداو - میشیگن
ترەمپ و هاریس بە جیدییەوە لە پرسی غەززە و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڕوانن، تائێستاش چەندینجار لەگەڵ کۆمەڵگەی موسڵمانان و عەرەبی لە میشگن لەسەری کۆبوونەتەوە، دەشیانەوێت بگەنە ئاشتی لە ناوچەکە، بەڵام بۆچوونیان لەسەر رێگەی گەیشتنیان بە ئاشتی جیاوازە. هاریس لەگەڵ ئاگربەست و ترەمپیش لەگەڵ بردنەوەیەکی خێراتری ئیسرائیلە لە شەڕەکە.
بە بۆچوونی دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا، هەرکام لەو دوو بەربژێرە دەربچن، هیچ لە سیاسەتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناگۆڕێت، چونکە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل پاڵپشتیی هەردوو پارتەکەی هەیە و بەردەوامیش دەبێت.
دان مارتینێز، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا دەڵێت، "شتێک دەتوانم پێتی بڵێم، جۆرێک سیاسەتی جێگیرە، سەبارەت بە ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەردوو پارتەکە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن، پێشبینیی منیش ئەوەیە کە ئەمە بەردەوام دەبێت، بێ گوێدانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پێموایە ئیدارەی بایدن زۆر روون بوون لە پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ ئیسرائیل، سەرباری هەموو ئەو نیگەرانی و پرسیار و خۆپێشاندانانەی دژی پشتیوانییەکەی دروستبوون، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل، ئەمەش شتێکە بەردەوام دەبێت."
بەو پێیەی کامالا هاریس، جێگری جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکایە، بەشێک لەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە ئەستۆ کە ئەم ئیدارەیە بەرامبەر کێشەی غەززە هەیەتی، هەر ئەمەش وایکردووە هاریس چەندین جار لەگەڵ کۆمەڵگەی موسڵمانی ئەمریکا کۆببێتەوە و بەڵێنی چارەسەرکردنی شەڕی غەززەیان پێبدات.
لێکۆڵینڤانێکی سعودییش کە بۆ چەند گفتوگۆیەکی تایبەت بە کاریگەریی هەڵبژاردنی ئەمریکا لە واشنتنە، دەڵێت، "بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگ نییە کام لەو دوو بەربژێرە دەردەچێت، ئێمە ئیدارەیەکمان دەوێت هاوبەشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت و بەدوای ئاشتییەوە بێت، نەک بە تەنیا بەدوای بەرژەوەنییەکانی خۆیەوە."
خالید ئەلمەعینە، لێکۆڵینڤانی سعودی ئاماژەی بەوە کرد، "هەر کەسێک بیباتەوە، بە رەچاوکردنی ئەوەی لە رابردوودا روویداوە، گۆڕانێکی گەورە روونادات، چونکە ئێستا هەردووکیان تاقینەکراونەتەوە و هەوڵیان لەگەڵ نەدراوە، بەتایبەتییش هاریس. ئەوەی ئێمەش چاوەڕێی دەکەین ئەوان ئەنجامی بدەن، هەردوو بەربژێرەکە بیکەن، جا هەرکامیان بێت، ئەوەیە کە پێویستە سیاسەتێکی کۆکراوەیان لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت، زیاتر سەرنجیان لەسەر پێشخستنەکان بێت، نەک ناکۆکییەکان، هەموو هەوڵێکیان بدەن تاوەکو ئەمریکا هاوبەشێک بێت و بەشێک بێت لە ئاشتی و پێشکەوتن، نەک بریکارێکی بیانی بێت و بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە بێت."
ژمارەی موسڵمانانی ئەمریکا، نزیکەی 1.3%ی کۆی دانیشتووانی ئەمریکا دەبن، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو موسڵمانانە کەوتوونەتە ئەو ویلایەتانەی بە ویلایەتی یەکلاکەرەوە ناسراون، لەنێویاندا میشیگن و پەنسلڤانیا، هەر ئەمەش وایکردووە پرسی غەززە و ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسێکی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە بێت و هەردوو بەربژێرەکە بە بایەخەوە قسەی لەسەر بکەن.