بەدواداچوونی رووداو لە دوو ویلایەتی یەکلانەبووەوە؛ ژنان لەسەر لەباربردنی منداڵ چی دەڵێن؟


رووداو دیجیتاڵ 

ترەمپ و هاریس تاوەکو دوایین خولەکەکانی رۆژی هەڵبژاردن لە ولایەتە یەکلانەبووەوەکان سەرقاڵی بانگەشە بوون. لەنێو قسە و گوتارەکانیان بابەتی لەباربردنی منداڵ پرسێکی سەرەکییە بۆ خەڵک.


پاڵڤی فیشەر، تەمەنی 18 ساڵانە و لە زانکۆی میشیگن خوێندکارە. یەکەم ساڵی بەشداریکردنیەتی لە هەڵبژاردن، بەشداریکردنی لە دەنگدان هەنگاوێکی گرنگە لە پرۆسەیەکی سیاسی کە دەتوانێ لەسەر داهاتووی پاڵڤی کاریگەری زۆری هەبێت، بەو پێیە ئەو نەوەی دووەمی بنەماڵەیەکی کۆچبەری هیندییە. 

پاڵڤی بە رووداوی گوت، "من دەنگی خۆم هەفتەی رابردوو دا، من پاڵپشتیی بڕیاری سەربەستانە دەکەم، بۆیە دەنگم بە کامالا هاریس دا، بەڵام رێز لە هەردوولا دەگرم، دەتوانم لە بۆچوونی لایەنی بەرامبەریش تێبگەم. لەوانەیە لە رووی ئەخلاقییەوە من لە داهاتوودا منداڵ لەبار نەبەم، بەڵام تێدەگەم هەندێ کەس بە بارودۆخی قورسدا تێدەپەڕێت و ئەم بڕیارە دەدات."  

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، دادگەی باڵای ئەمریکا دوای زیاتر لە 50 ساڵ بڕیاری پووچەڵکردنەوەی یاسای رۆڤی وەیدی دەرکرد کە بڕیای تایبەت بە لەباربردنی منداڵە، سێ ئەندامی ئەو دادگایە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پشووی ئەمریکا دەستنیشان کران.
 
لەگەڵ تیمەکەم لە ویلایەتی میشیگنەوە چووم بۆ ویلایەتی پێنسێلڤینیا، تاوەکو بزانم رای ژنانی ئەوێ لەسەر ئەو بابەتە چییە. 

ساندرا رۆبيووم دۆزییەوە و قسەی بۆ کردم، ئەو باوەڕی وایە ئەوە بڕیارێکی تایبەتە بۆ ژنان، گوتی، "پێم وایە کاری حکومەت نییە بڕیار لەسەر ئەوە بدات ژنان چی لە جەستەی خۆیان دەکەن. من دڵنیام هیچ خانمێک نایەوێت منداڵ لەبار ببات، بەڵام هەندێک بارودۆخ لە ژیاندا هەن کە ئێمە نازانین و شتی تایبەتن بۆیە دەبێت خانمان خۆیان بڕیار بدەن نەک دەسەڵات."

کارۆلین ولیامیش خانەنشینە و دەڵێت: "من پێم وایە ژن دەبێت هەڵبژێرێت. ئێمە لە ئەمریکا ئەو شتە نامۆیەمان هەیە، تۆ ئەگەر قۆڵت بشکێ و بچیتە لای دکتۆر، دکتۆر و نەخۆشخانەکە واژۆی دەکەن زانیارییەکانت بڵاوناکەنەوە، بەڵام ئەگەر ژنێکی دووگیان بچێتە لای دکتورێک، زانیارییەکانی بڵاودەکرێنەوە، ئەمە شتێکی شێتانەیە."
 
لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمارییەکان وەک کێنتاکیی یان لویزیانا، لەباربردنی منداڵ بە تەواوی نایاساییە، تەنانەت لە دۆسیەکانی دەستدرێژیی سێکسیشدا. لە ویلایەتەکانی دیکەدا لەباربردنی منداڵ تەنیا تاوەکو سەرەتای دووگیانی رێگەپێدراوە، کاتێک زۆر کەس هێشتا درکی بەوە نەکردوو کە دووگیانن.

گەرچی ژنان دەڵێن، ئەوان دەیانەوێت خۆیان بڕیار لەسەر جەستەی خۆیان بدەن، بەڵام لەم ئەمریکا یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. ئەگەر هاریس ببێتە سەرۆک، تەنیا هەندێک گۆڕانکاری دروست دەکات، ئەگەر دۆناڵد ترەمپیش ببێتە سەرۆک، هەموو شتێک وەک خۆی دەمێنێتەوە.