رێکخراوێک: لە 10 ساڵی رابردوودا 61 رۆژنامەڤان لە عێراق کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی یۆرۆمێد بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئازادیی رۆژنامەڤانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، پیشەی رۆژنامەڤانی لەو ماوەیەدا مەترسیدارترین پیشە بووە بە تایبەت لەو ناوچانەدا کە شەڕی تێدا بووە.
رۆژی هەینی، 4-11-2022، رێکخراوی یۆرۆمێد بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە چەند ساڵی رابردوودا رۆژنامەڤانان لەو کەسانە بوون لە چەندین وڵاتدا تووندوتیژیی زۆریان بەرامبەر کراوە؛ لەوانە، کوشتن، دەستگیرکردن بێ بنەمای یاسایی، ئەشکەنجە و زیندانیکردن.
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەو لایەنانەی شەڕ دەکەن لە هەموو شتێکدا ناتەبان، تەنیا لەوەدا نەبێت کە بەیەکەوە رۆژنامەڤانان "بێدەنگ" بکەن و رێگەیان لێبگرن ئەرکی خۆیان ئازادانە جێبەجێ بکەن.
"پیشەیەکی بکوژ" ناوی راپۆرتەکەی رێکخراوی یۆرۆمێدە کە بەو مانەیە دێت، هەر کەسێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقادا کاری رۆژنامەڤانی بکات، پیشەیەکی خۆکوژی هەڵبژاردووە.
راپۆرتەکە ئاماری لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی رۆژنامەڤانان لە 18 وڵات و ناوچە بڵاوکردووەتەوە کە پێکهاتوون لە سووریا، عێراق، فەلەستین، لوبنان، یەمەن، لیبیا، سوودان، میسر، مەغریب، تونس، جەزائیر، سعودیە، عومان، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و کوێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 860 رۆژنامەڤان لەو وڵاتانە کوژراون؛ تەنیا لە سووریا 700 رۆژنامەڤان و میدیاکار کوژراون، واتە بۆ هەر ساڵێک 63 رۆژنامەڤان کوژراون. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە عێراق لانیکەم 61 رۆژنامەڤان کوژراون، واتە هەر ساڵێک شەش رۆژنامەڤانی تێدا کوژراوە. ئەمە لە کاتێکدایە، لە 2014ـەوە 42 رۆژنامەڤان لە یەمەن کوژراون، واتە پێنج رۆژنامەڤان لە هەر ساڵێکدا.
یۆرۆمێد داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکە هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی بە تووندوتیژی و کوشتنی رۆژنامەڤانان تێوەگلاون چڕبکەنەوە؛ هەروەها میکانیزمی کاریگەر بۆ پاراستنی رۆژنامەڤانان و میدیاکاران لە تووندوتیژی، رفاندن و هەڕەشەکردن دابنێن.