چوار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستدا؛ یەکێکیان منداڵێکە کە ژێرپێ کەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگە ئەمنییەکانی فەرەنسا رایانگەیاند، ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیادا، چوار کۆچبەر کە یەکێکیان منداڵێکی دوو ساڵانە، لە کاتی پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستدا.
لە رووداوی یەکەمدا، منداڵێکی دوو ساڵان بەهۆی قەرەباڵخیی نێو بەلەمێک کەوتووەتە ژێرپێ و گیانی لەدەستداوە. لە رووداوی دووەمیشدا، سێ کۆچبەر لە بەلەمێکی بچووک کەوتوونەتە نێو دەریا و خنکاون.
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکان خەڵکی؛ عێراق، سووریا، ئێران، میسر، کوێت، لیبیا و ئێریتریا بوون، بە بەلەمی بچووکی نالەبار هەوڵیاندابوو لە فەرەنساوە بچنە بەریتانیا.
برونۆ روتاییۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی رووداوەکان راگەیاند و بە "تراژیدییەکی گەورە" ناوی برد.
بە گوتەی روتاییۆ، ئەو منداڵەی لە بەلەمی یەکەمدا گیانی لەدەستداوە "بەهۆی ژێرپێکەوتن لەنێو بەلەمەکەدا گیانی لەدەستداوە."
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەشڵێت "خوێنی ئەم خەڵکە لە ئەستۆی قاچاخچییەکاندایە." ئاماژەی بەوەش کرد حکومەتە تازە دەستبەکاربووەکەیان بەنیازە "شەڕی دژی ئەم مافیایانە توندتر بکات، کە بەم گەشتە مەرگەساتبارانە پارە کۆدەکەنەوە."
رووداوەکەی رۆژی شەممە ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک رووداوی تراژیدیی کە وایانکردووە 2024 ببێتە مەرگەساتبارترین ساڵ بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە نۆکەندی ئینگلیزدا دەڕۆن.
مانگی رابردوو، لە ئەنجامی دڕانی بەلەمێکی چووپ لە نێو نۆکەندەکەدا، 12 کەس گیانیان لەدەستدا. دوو هەفتەی نەبرد، هەشت کۆچبەری دیکە لەنێو بەلەمێکی دیکەدا گیانیان لەدەستدا.
جاک بیان، پارێزگاری پا دوکالێ گوتی، تیمەکانی فریاکەوتن منداڵێکی دوو ساڵانیان لەنێو ئەو بەلەمەدا دۆزییەوە، کە داوای بەهاناوەچوونی کردبوو.
بیان دەڵێت، 14 کۆچبەری دیکە بە بەلەمێک گوێزرابوونەوە نێو بەلەمێکی فریاگوزاری و گەڕێندرانەوە فەرەنسا بۆ ئەوەی لە لایەن پۆلیسەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هەروها کەسێکی تەمەن 17 ساڵ گوێزرایەوە نەخۆشخانە کە قاچی بریندارببوو.
بەڵام بە گوتەی پارێزگارەکە، ژمارەیەک کۆچبەری دیکە رەتیانکردبووەوە بگەڕێندرێنەوە فەرەنسا و بڕیاریاندابوو بە بەلەمە نایاساییەکەیان لە گەشتەکەیان بەردەوام بن.
بیان دەشڵێت "بۆ پارەپەیداکردن، بێ هیچ رێزگرتنێک لە ژیانی مرۆڤ، تۆڕی قاچاخچییەکان خەڵک دەخەنە مەترسیی گەورەوە، کە دەبێتە هۆی مردنیان."
بەگوتەی بەرپرسانی بۆلۆن سومێ، منداڵە دوو ساڵانەکە لە دایکێکی سۆماڵیی 24 ساڵان لە ئەڵمانیا لەدایکببوو.
لە رووداوی دووەمیشدا، بە گوتەی پارێزگارەکە، 83 کۆچبەر لەنێو یەک بەلەمدا گەشتیان کردبوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەکیان کەوتوونەتە نێو دەریا و 3 کەسیان خنکاون، ئەوانی دیکەش رزگارکران.
ئەوانەی خنکاون، ژنێک و دوو پیاو بوون، تەمەنیان نزیکی 30 ساڵە، ئەمە وەک بیان باسی کرد.