وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ رووداو: بەهۆی هێرشەکەی عەین ئەسەد ژمارەیەک کارمەندمان بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند لە هێرشەکەی ئەمشەوی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق، ژمارەیەک لە سەرباز و کارمەندیان بریندار بوون.
شەوی دووشەممە، 05-08-2024، گوتەبێژێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە بنکەی عەین ئەسەد."
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتی: "هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیەک لە سەرباز و کارمەندمان برینداربوون." گوتیشی، ئێستا تیمە سەربازییەکانیان هەڵسەنگاندن بۆ زەرەر و زیانەکانی هێرشەکە بۆ سەر بنکەکە دەکەن
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا پێشتر گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنکەیە.
لەسەرەتای جەنگی غەززەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ئەو گرووپە چەکدارانە، زیاتر لە 150 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و جارێکیش لە ئوردن.
لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکاش، چەندینجار بنکەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
لە 30ى تەممووزی 2024، لە بۆردوومانێکدا لە ناحیەى جورف سەخرى باکووورى پارێزگاى بابل، چوار چەکدارى حەشدی شەعبی کوژران کە سەر بە لیواى 47 بوون، دواتر ئەمریکا بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.