وەزیرانی کابینەکەی ستامەر کێن؟
رووداو دیجیتاڵ
دوای سەرکەوتنی پارتی کار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیادا کە کۆتایی بە فەرمانڕەوایی چواردە ساڵەی پارتی پارێزگاران هێنا، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە، ئەندامانی کابینەکەی دیاریکرد.
ستامەر رۆژی هەینی بەڵێنی "بونیادنانەوەی بەریتانیا"ی دا.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی بەکینگهام، شا چارڵزی سێیەم ستامەری بە سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرد و داوای لێکرد حکومەتی نوێی شانشینەکە پێکبێنێت.
ستامەر تا ئێوارەی رۆژی هەینی، لانیکەم 10 وەزیری هەرە سەرەکی کابینەکەی دەستنیشانکرد.
وەزیرەکان کێن؟
وەزیری دەرەوە: دەڤید لامی
لامی لە ساڵی 2000ـەوە ئەندامێکی هەرە دیاری پەرلەمانی بەریتانیایە.
کەسێکی رەشپێست و لە نەوەی ئەو کەسانەیە کە لە کۆندا بە کۆیلە کرابوون. ئەو باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بە هاوڕێی خۆی دادەنێت.
هەروەها رەخنەی زەقی لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرتووە، بەو واتایەی ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆک، ئەوا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رێگەیەکی پڕ کۆسپ و تەگەرەی بەرەو واشنتن لەپێش دەبێت.
باوباپیرانی لامی، لە وڵاتانی گایانای کیشوەری ئەمریکای باشوور بە کۆیلە کرابوون. لامی دەڵێت، لە دانان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەدا، ئەو پاشخانە یارمەتیدەری دەبێت.
پێشتر گوتبووی: "زۆر بە جیدی بەرپرسیارێتی بوون بە یەکەمین وەزیری دەرەوە لە نێو نەوەکانی بازرگانیی کۆیلەکاندا لەئەستۆ دەگرم."
لامی لە دوو ساڵی رابردوودا، وەک گوتەبێژ و نوێنەری پارتی کار بۆ کاروباری نێودەوڵەتی کاری کردووە و بە گوتەی خۆی، زیاتر لە 40 جار سەردانی دەرەوەی کردووە.
لامی پێیوایە، پێویستە بەریتانیا سیاسەتێکی راستبینانە لە دەرەوە پەیڕەو بکات و دەڵێت: "بەو شێوەیەی کە هەیە، نەوەک بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت، سەرەدەری لەگەڵ جیهان دەکەین. دەبێت بڕوامان وابێت کە دەتوانین داهاتووی بەریتانیا بگەڕێنینەوە و لە هەمان کاتیشدا خزمەت بە جیهان بە گشتی بکەین."
لامی بڕوای وایە، لە دوای دەرچوونی لە یەکێتیی ئەورووپا، دیپلۆماسیی بەریتانیا "پێویستە دووبارە ستراتیجییە مەزنەکە بدۆزێتەوە".
لامی پشتیوانی لە پێکەوەکارکردنی زیاتر و نزیکتر لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەکات، پشتگیری لە بەردەوامبوونی یارمەتییەکان بۆ ئۆکراینا و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لە هەلومەرجی ئاشتیدا دەکات.
لامی لە ساڵی 1972 لە لەندەن لەدایکبووە. هێشتا لە تەمەنی 12 ساڵیدا بوو کە باوکی لە دایکی و چوار خوشک و برای دوورکەوتەوە و جێیهێشتن.
وەزیری بەرگری: جۆن هەیڵی، 64 ساڵ
هەیڵی لە ساڵی 2020 بووە وەزیری سێبەری بەرگری، واتە ئەو ئەندام پەرلەمانەی بەدواداچوون و چاودێری بۆ کاروباری وەزارەتی بەرگری دەکات.
وەزیری نوێی بەرگریی بەریتانیا هەرگیز خزمەتی سەربازی نەکردووە، بەڵام پشتیوانی لە هێرشی ساڵی 2003ی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان بۆ سەر عێراق کردبوو.
هەیڵی یەکەم جار لە ساڵی 1997 بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا کاتێک تۆنی بلێر، سەرکەوتنی گەورەی بۆ پارتی کار تۆمار کرد و حکومەتی گەڕاندەوە دەست.
لە فەرمانڕەوایی 13 ساڵەی پارتی کاردا هەیڵی ژمارەیەک پۆستی گۆڕی.
پێش هەڵبژاردن، پارتی کار بەڵێنیدابوو، "هەر کە دۆخی ئابووری باش بوو،" خەرجیی سەربازی لە 2.3٪ـەوە بەرزبکاتەوە بۆ 2.5٪ی کۆی داهاتی نێوخۆ.
وەزیری نێوخۆ: ئێڤێت کوپەر، 55 ساڵ
کوپەر ئەزموونێکی دوور و درێژی سیاسی هەیە، ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کە هەر لە کۆنەوە ئاسان نەبووە وەزیرەکان بە ئاسانی سەرکەوتنی تێدا بەدەستبێنن، ئەو ئەزموونەی کوپەر دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
کوپەر لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بووە ئەندام پەرلەمان و دواتریش لە 2009 تا 2010 بووە وەزیری کار و خانەنشینبووان، چەندین پۆستی دیکەی لە حکومەتدا هەبووە و لە 2021 بووە وەزیری سێبەری ناوخۆ.
لە 14 ساڵی رابردووشدا کە پارتی کار ئۆپۆزیسیۆن بووە، کوپەر گوتەبێژی پارتەکە بووە بۆ کاروباری نێوخۆ.
لە ساڵی 2015، خانمەکە یەکێک بوو لەوانەی بەربژێر بوو ببێتە سەرکردەی پارتی کار.
کۆچی نایاسایی کە پرسێکی هەرە گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، چاوەڕوان دەکرێت گرنگترین بابەتی ماوەی دەسەڵاتەکەی کوپەر بێت کە رای گشتی بەریتانیا زۆرترین سەرنجی لەسەر دەبێت.
وەزیری دارایی: رەیچڵ ریڤز، 45 ساڵ
ریڤز بووە یەکەمین ژن لە مێژووی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیادا پۆستی وەزیری دارایی وەربگرێت.
خانمەکە پێشتر لە بانکی ناوەندیی بەریتانیا کاری کردووە.
لەمەودوا لە باڵەخانەی ژمارە 11ی شەقامی داونینگ لە تەنیشت ستامەر دەژیت.
ریڤز کە منداڵ بووە، پاڵەوانی شەترەنج بووە. لە ساڵی 2010 بووە ئەندامی پەرلەمان و بەڵینی دا لە بەرژەوندی خاوەنکار و کرێکاراندا کاربکات.
وەزیری تەندروستی: وێس ستریتینگ، 41 ساڵ
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ستریتینگ یەکێک بوو لە دیارترین سیماکانی نێو پارتی کار.
بە یەکێک لە باشترین دانوستاندنکارەکانی پارتەکە دادەنرێت؛ لە چینێکی کرێکار لە رۆژهەڵاتی لەندەن گەورە بووە.
ئێستا ستریتینگ بەرپرسیارێتیی ئەوەی لە ئەستۆدایە کە پاشەکشەی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە بەریتانیا بوەستێنێت و فەرمانگەی تەندروستیی نیشتمانی (NHS) ببووژێنێتەوە.
فەرمانگەکە بەهۆی سیاسەتی سکهەڵگوشینی پارتی پارێزگاران و پەتای کۆرۆناوە شەکەت بووە.
جێگری سەرۆکوەزیران: ئەنجێلا راینەر، 44 ساڵ
راینەر لەو وەزیر و سیاسەتڤانانەی بەریتانیا جیاوازە کە لە قوتابخانەی تایبەت و زانکۆکانی ئۆکسفۆرد و کەیمبریج خوێندوویانە.
خانمەکە لە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی ئاسایی باکووری ئینگلاند گەورەبووە، بێ ئەوەی بڕوانامە بەدەستبێنێت، قوتابخانەی جێهێشت و لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووەتە دایکێکی بێ هاوژین.
راینەر ئەندامێکی کارای سەندیکای بازرگانەکان بووە و لە ساڵی 2015 بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرا، دواتر لە ساڵی 2020 وەک جێگری سەرۆکی پارتی کار هەڵبژێردرا.
راینەر پاشخانێکی چەپڕۆی هەیە و تووند قسەدەکات، پێچەوانەی ستامەر کە لە نێو خەڵکدا بە کەسێکی نەرمتر ناسراوە.
بەرپرسیارێتیی راینەر ئەوە دەبێت، ئەگەر ستامەر ئامادە نەبوو، ئەوا ئەو دەچێتە پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەداتەوە.
راینەر هەروەها بەرپرس دەبێت لە سیاسەتی نیشتەجێکردن و چارەسەرکردنی کێشە و پرسەکانی هەرێمەکانی شانشینەکە.
وەزیرەکانی دیکە:
وەزیری دووقنشینی لانکاستەر: پات مکفادن، 59 ساڵ
وەزیری داد: شابانا مەحموود، 43 ساڵ
وەزیری پەروەردە: بریجت فلیپسن، 40 ساڵ
وەزیری سفرکردنی کاربۆن: ئێد میلیباند، 54 ساڵ
وەزیری کار و خانەنشینی: لیز کێنداڵ، 53 ساڵ
وەزیری زانست: پیتەر کایڵ، 53 سال
وەزیری گواستنەوە: لۆوس های، 36 ساڵ
وەزیری بازرگانی: جۆناسن رەینۆڵدز، 43 ساڵ
وەزیری ژینگە: ستیڤ رید، 60 ساڵ
وەزیری رۆشنبیری: لیزا ناندی، 44 ساڵ
وەزیری کاروباری وەیڵز: جۆو ستیڤنز، 57 ساڵ
وەزیری کاروباری سکۆتلاند: ئیان مورای، 47 ساڵ
وەزیری کاروباری ئایرلاندی باکوور: هیلاری بێن، 70 ساڵ