وەزارەتی بەرگریی رووسیا: هێرشێکی بەرفراوانی ئۆکراینامان لە دۆنێتسک تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، هێرشێکی سوپای ئۆکراینایان بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک تێکشکاندووە. روون نییە هێرشەکەی ئۆکراینا بۆ سەر دۆنێتسک بەشێکە لەو هێرشە هەڵگەڕاوەیەی کیێڤ لە سەرەتای ئەمساڵەوە بانگەشەی بۆ دەکات یاخود نا.
رۆژی دووشەممە 05-06-2023، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "سەرلەبەیانیی رۆژی 4ی حوزەیران، دووژمن هێرشێکی بەرفراوانی لە پێنج لای بەرەکانی پێشەوە بە ئاراستەی رۆژئاوای دۆنێتسک کرد."
کۆناشینکۆڤ دەڵێت، لای ئۆکراینا وا بووە هێڵی بەرگریی رووسیا خراپترینە، بەڵام "هیچکام لە ئامانجەکانی بەدەستنەهێناوە و سەرکەوتوو نەبوون."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئۆکراینا بانگەشە بۆ هێرشی پێچەوانە بۆسەر پێگەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکراینا دەکات، تاوەکو بتوانێت بەشێک لەو خاکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە، وەربگرێتەوە.
راگەیێندراوەکەی رووسیا بەو ئاراستەیەیە، هێرشەکەی سەر دۆنێتسک، کە رووسیا لە ئەیلوولی 2022 هێرشی کردە سەر، بەشێک بووبێت لەو هێرشە پێچەوانەیە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، شەش یەکەی تۆپهاوێژ و دوو یەکەی تانک لە هێرشەکەدا بەشداربوون.
هاوپێچ لەگەڵ راگەیێندراوەکەیشدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە، گوایە تانک و زرێپۆشی سوپای ئۆکراینان و تۆپباران دەکرێن.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ دەڵێت، لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکەدا 250 سەربازی ئۆکراینی کوژراون، 16 تانک، سێ تۆپهاوێژ و 21 زرێپۆشی سوپای ئۆکراینایان تێکشکاندووە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.