وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا بۆ رووداو: نزیکەی 200 هەزار سەربازیی رووسیامان کوشتوون
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بە رووداوی گوت، رووسیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا دووچاری "شکستی گەورە" بووە و نزیکەی 200 هەزار سەرباز و چەکداری کوژراون. گوتیشی، سوپای ئۆکراینا ئامادەیە هێرشی پێچەوانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رووسیا بکات و ئامانجی ئەوەیە سەروەریی ئۆکراینا بەدەستبهێنێتەوە.
رۆژی هەینی، 5-5-2023، یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا میوانی بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد. ئەو بەرپرسە ئۆکراینییە رایگەیاند، "ئێمە دەزانین سوپای رووسیا دووچاری شکستی گەورە لە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکراینا بووە. رووسیا نازانێت چۆن ئەو شکستەی بە خەڵکەکەی خۆی رابگەیێنێت، چونکە شەرمەزارییە بۆ کرێملن".
هێرشە درۆنییەکەی سەر کرێملین
یوری ساک لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری سەر کۆشکی کرێملن گوتی، هێرشەکە لە نێو رووسیاوە ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا نازانن کێ کردوویەتی. باسی لەوەشکرد، لەوانەیە هەواڵگریی رووسیا کردبێتی تاوەکو بە خەڵک و هاوپەیمانانیان بڵێن جەنگەکەیان رەوایە و هێرشەکانی ئۆکراینا گەیشتوونەتە نێو مۆسکۆ.
یوری ساک ئاماژەی بەوەشکرد، لەوانەیە هێرشەکە لەلایەن هەر گرووپ و لایەنێکی دیکە لە نێو رووسیادا ئەنجامدرابێت؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "رووسیا دوژمنی زۆرە و کرێملن دۆزەخی بۆ خەڵکی رووسیا دروستکردووە."
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا لەبارەی جەنگەکەوە گوتی، باخمووت بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی بەرەی پێشەوەی جەنگ، سەختترین شەڕی تێدایە. دەشڵێت، رۆژئاوای شارەکە و رێگە سەرەکییەکان هێشتا بەدەست سوپای ئۆکرایناوەن، بۆیە هەژموونیان زیاترە و هەرکات بیانەوێت دەتوانن کەرەستەی سەربازی و سەربازی زیاتر بگەیێننە شارەکە.
ساک، گرووپی ڤاگنەری بە "تیرۆریست" ناوبرد و گوتیشی، ئێستا ئەوان لە نێو باخمووتدا شەڕدەکەن، بەڵام تاوەکو بمێننەوە چەکداری زیاتریان دەکوژرێت و لە مانگی ئەیلوولیشەوە تاوەکو ئێستا 1500 چەکداریان کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڤاگنەر تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، تەقەی هەڕەمەکی لە خەڵک دەکات و سەربازە ئۆکراینییەکان سەردەبڕێت، بەڵام هێشتا ئۆکراینا نەیتوانیوە بچێتە ئەو شوێنانەی شەڕەکەیان تێدا کراوە تاوەکو بەڵگەی تەواوەتی لەسەر ئەو "تاوانانە" کۆبکاتەوە.
هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا کەی دەستپێدەکات؟
تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رووسیا پرسیاری لێکرد و ئەویش گوتی، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی ئەوەی راگەیاندووە کە سەرباز و کەرەستەی جەنگی پێویستیان لەبەردەستدایە و لە هەر ساتێکدا بێت هێرش دەکەن.
یوری ساک زانیاریی زیاتری لەبارەی هێرشە پێچەوانەکەیان خستەڕوو و گوتی، هاوپەیمانانیان وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا و دانیمارک بەردەوامن لە پاڵپشتی و ناردنی چەک و کەرەستەی جەنگی زیاتر بۆ ئۆکراینا، بەڵام بە گوتەی ساک، ئۆکراینا دەیەوێت فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی دوورهاوێژیشی بەدەستبگات تاوەکو بتوانێت چالاکانە و وردتر هێرشبکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی رووسیا.
گوتەبێژەکەی وەزیری بەرگریی ئۆکراینا گوتی، زانیارییان هەیە هاوپەیمانانیان لانیکەم 400 فڕۆکەی F16یان هەیە، بۆیە داوا دەکەن هەندێکیان بۆ هەناردە بکەن و بە گوتەی خۆی هۆڵەندا لە گفتوگۆدایە بۆ ناردنی چەند فڕۆکەیەک.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراینا پەیام و ئامانجەکەی روونە، "یان ئەوەتا سەربازانی رووسیا وڵاتەکەی جێدەهێڵن یان دەکوژرێن." گوتیشی، دەیانەوێت سەروەریی خاکەکەیان بەدەستبهێننەوە و پێویستە بەرپرسانی باڵای رووسیا دادگایی بکرێن.
کوشتن و برینداربوونی سەربازانی رووسیا و ئۆکراینا
لەبارەی ژمارەی بریندار و کوژراوانی رووسیا و ئۆکرایناوە لە جەنگەکەدا گوتی، بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا، رووسیا نزیکەی 200 هەزار سەرباز و چەکداری لە جەنگەکەدا کوژراون؛ لەبارەی سەربازانی ئۆکراینیشەوە گوتی، "ئێمەش سەربازمان کوژراون، بەڵام بەراورد بەوانەی رووسیا ژمارەکە زۆر کەمە، چونکە ئێمە وەک رووسیا بە هەڕەمەکی سەرباز نانێرینە بەرەی جەنگ و بە هۆشیارییەوە سەربازەکانمان بەکاردەهێنین."
هەروەها لەبارەی ژمارەی ئاوارە و هەڵاتووی جەنگی ئۆکرایناوە؛ ئەو راوێژکارە گوتی، 5 ملیۆن هاووڵاتی لە نێو ئۆکراینادا بەهۆی جەنگەوە ئاوارەبوون و 8 ملیۆن کەسی دیکەش کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە کردووە، واتە شەڕ 13 ملیۆن کەسی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کردووە.
ئەو بەرپرسە ئۆکراینییە باسی لە رێکەوتنی هەناردەی دانەوێڵە بە دەریای رەشدا کرد و گوتی، بەهۆی سیاسەتی رووسیاوە مەترسی هەڵوەشانەوە یان نوێنەکردنەوەی لەسەرە، چونکە بە گوتەی خۆی، رووسیا بەردەوامە لە رێگریکردنی کەشتییەکان لە دەریای رەشدا.
یوری ساک گوتیشی، ئەگەر فڕۆکەی F16یان بدرێتێ دەتوانن پاسەوانی کەشتییەکانیان بکەن و ئەو کاتەش هەناردەی گەنم ناوەستێت.
جەنگی ئۆکراینا لە 24ـی شوباتی 2022ـەوە بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهاتنی نییە. رووسیا تاوەکو ئێستا 4 هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە کە بە گوتەی خۆی بۆ پاراستنی خەڵکی رووسی زمانە کە لەو ناوچەیەدا دەژین.
رووسیا تەواوی دۆنێتسک و زاپۆریژیا و بەشی رۆژهەڵاتی رووباری دنیپرۆ لە خێرسۆن و نزیکەی 70٪ی هەرێمی دۆنێتسکیشی کۆنترۆڵکردووە و وەک بەشێک لە سەروەریی خاکی رووسیا ناساندوونی، بەڵام ئۆکراینا دەڵێت تەنیا بژاردەی رووسیا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ جێهێشتنی ئەو ناوچانەیە و پاراستن و رێزگرتنە لە سەروەری خاکی ئۆکراینا.