نیویۆرک بە یاسایەک گاز لە خانوو و باڵەخانە نوێیەکاندا قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە باڵەخانە و خانووە نوێیەکاندا قەدەخە دەکات، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان. ئەم بڕیارە لە ساڵی 2026ـەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و خانوو و باڵەخانە کۆنەکان ناگرێتەوە.
یاساکە بە پشتیوانیی کاسی هۆکوڵ، حاکمی ویلایەتەکە و ئەندامانی پارتی دیموکرات پەسندکراوە و نیویۆرک دەخاتە ریزی پێشەوەی ویلایەتەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گازە زیانبەخشانەی لە خانوو و باڵەخانەکان دەردەرێن.
بە گوێرەی یاساکە، لە ساڵی 2026ـەوە هەر خانوو یان باڵەخانەیەکی نوێ دروستبکرێت، پێویستە لەبری ئەو تەباخ و فڕنانەی بە گاز کاردەکەن بگۆڕدرێن بۆ ئەوانەی بە کارەبا کاردەکەن.
هۆکوڵ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەمەوێت زۆر روون و راشکاو بم. دەزانم خەڵک حەز دەکات لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەم شتە بکات، بەڵام ئەوانەی تەباخی گازیان هەیە، دەتوانن بیانهێڵنەوە."
ئەم یاسایە بەشێکە لە یاسای بودجەی ویلایەتەکە کە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە پەسندکراوە. کۆمارییەکان دژی ئەم هەنگاوەی دیموکراتەکانن و پێیان وایە گۆڕینی ئەو کەرەستانەی بە گاز کار دەکەن، پێشێلکارییە دژی ئازادیی بڕیاریدان و هەڵبژاردنی تاکی ئەمریکی لەوەی چ کەرەستەیەک بەکاربێنێت.
ژینگەپارێزەکانیش دەڵێن، ئامانجەکانی پاراستنی کەشوهەوا بێ دەستکاریکردنی گازی ماڵ و کۆمپانیاکان بەدینایەت.