لە دایانگەیەکی بەرازیل پیاوێک چوار منداڵ دەکوژێت و پێنجی دیکەش بریندار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پیاوێک لە بەرازیل خۆی دەکات بە دایانگەیەکدا و چوار منداڵ دەکوژێت و پێنجی دیکەش بریندار دەکات؛ پۆلیس دەڵێت برینی یەکێکیان سەختە.
 
رووداوەکە رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023 لە هەرێمی سانتا کاتارینا لە باشووری بەرازیل روویداوە، کاتێک پیاوێکی تەمەن 25 ساڵ کە تەورێک و چەقۆیەکی هەڵگرتووە، خۆی کردووە بە دایانگەیەکی منداڵان. بەگوێرەی پۆلیس، چوار منداڵ لە هێرشەکەدا کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون کە تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ و دوو ساڵاندا بووە. 
 
بەگوتەی پۆلیس، دوای ئەوەی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، هێرشکارەکە خۆی رادەستیان کردووە. هەتاوەکو ئێستاش هۆکاری ئەو هێرشە ئاشکرا نەکراوە.
 
لویز ئینچاو، سەرۆکی بەرازیل، رۆژی چوارشەممە 5ـی ئاداری 2023 لە توویتێکدا رووداوەکەی بە "کارێکی ئەهریمەنانە" ناوبرد و رایگەیاند، "هێرشەکە کارێکی قبووڵنەکراوە، دژی منداڵانی بێ تاوان ئەنجامدراوە".
 
جۆرگینهۆ مێلۆ، سەرۆکی هەرێمی سانتا کاتارینا، دوای رووداوەکە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "زۆر خەمباربووم کە هەواڵەکەم پێگەیشت. دەزگا ئەمنییەکانم راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن". 
 
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، لە شاری ساوپاوڵۆ، قوتابییەک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک و بەگوێرەی پۆلیس، لە هێرشەکەدا مامۆستایەک کوژرا و چوار مامۆستا و قوتابی دیکەش برینداربوو.