دۆناڵد ترەمپ: جەنگی جیهانیی سێیەم نزیکە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە دادگەی مانهاتن لە نیویۆرک، ترەمپ لە بەرامبەر 34 تۆمەتی جیاواز کە درابوونە پاڵی بێتاوانی خۆی راگەیاند، گەڕایەوە فلۆریدا و گوتارێکی پێشکێشی لایەنگرانی کرد کە پێشوازییان لێکرد.
رۆژی سێشەممە 4-4-2023، کاژێر 8:30 خولەک بەکاتی ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا [کاژێر 3:20 خولەکی سەرلەبەیانی بەکاتی هەولێر]، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی پاڵم بیچ لە فلۆریدا و گوتارێکی پێشکێشکرد.
دۆناڵد ترەمپ گوتی، "تەنیا تاوان ئەنجاممداوە ئەوە بووە بەبێ ترس بەرگری لە نەتەوەکەمان بکەم لە دەست ئەوانەی دەیانەوێت لەنێویی بەرن." گوتیشی، "هەرگیز بیرم لە شتێکی هاوشێوە نەدەکردەوە بەسەر ئەمریکادا بێت، هەرگیز نەمدەزانی ئەمە روودەدات."
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ گەیشتە دادگەی مانهاتن لە نیویۆرکی ئەمریکا. لەوێ خرایە ژێر چاودێری پۆلیسەوە و پەنجەمۆری پێکرا و وێنەشی گیرا، بەوەش بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا لە تەواوی مێژووی وڵاتەکەدا دەستگیربکرێت.
دۆناڵد ترەمپ لەپێشترین بەربژێری پارتی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تشرینی دووەمی 2024ی ئەمریکا. باس لەوە دەکات، رەوتێکی پەڕگیری چەپ هەن دەیانەوێت رێگە لە بوونەوە بە سەرۆکی بگرن بە هەر نرخێک بێت.
ئالڤین براگ، داواکاری گشتیی دادگەی مانهاتنی نیویۆرک بە تۆمەتی ساختەکردنی تۆماری بازرگانی بۆ شاردنەوەی زانیاریی زیانبەخش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016دا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەرکرد.
ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ دۆناڵد ترەمپ بریتین لە پێدانی 130 هەزار دۆلار بە ستۆرمی دانیێڵس، ئەکتەری پێشووی فیلمە رووتەکان و پێدانی 150 هەزار دۆلار بە کارن مەکدۆگاڵ، ئەکتەری پلەی بۆی تاوەکو زانیاری لەبارەی ئەو پەیوەندییە سێکسییەوە بڵاونەکەنەوە لەگەڵ ترەمپدا هەیانبووە.
دۆناڵد ترەمپ لە دادگەی نیویۆرک بێ تاوانی خۆی بە دادوەر راگەیاند.
لە گوتارەکەیدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: کەیسەکە ساختە بووە و تەنیا بۆ بەربەستدانان لە بانگەشەکردنی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی 2024ی ئەمریکا کراوە. گوتیشی، "پێویستە بە زووترین کات دابخرێت."