ترەمپ پێوەری دیاریکردنی جێگرەکەی ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێوەری خۆی بۆ دیاریکردنی جێگری داهاتووی ئاشکرادەکات، بەڵام دەڵێت، جارێ ناوی هیچ بەربژێرێک ئاشکرا ناکات.
ترەمپ بەربژێری هەرە بەهێزی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت.
لە ئەگەری بوونی بە بەربژێری کۆمارییەکان و دواتریش سەرۆک، پێویستی بە جێگرێک دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، گرنگترین مەرج کە دەبێت لەو کەسەدا هەبێت، ئەوەیە لە ئەگەری هاتنەپێشەوەی دۆخێکی لەناکاودا، واتە ئەگەر شتێک لە سەرۆک بێت، پێویستە بتوانێت شوێنی سەرۆک بگرێتەوە و کورسیی سەرۆکایەتیی بەڕێوەببات.
پرسیار لە ترەمپ کرا، "چ پێوەرێک بەکاردێنی بۆ دیاریکردنی بەربژێری جێگری سەرۆک؟"
سەرۆکی پێشوو لە وەڵامدا گوتی، "دەبێت کەسێک بێت بتوانێت ببێتە سەرۆکێکی باش. بێگومان پێویستە لەبەر دۆخی لەناکاو، هەمیشە بیر لەوە بکەیتەوە. جاری وا هەیە شتێک روودەدات، وایە؟ تۆ هەر کەسێک بیت، شت روودەدەن. ئەمە پێوەری ژمارە یەکە."
پێشكێشکارەکە لە ترەمپی پرسی، "کێ بەربژێری تۆیە بۆ پۆستی جێگری سەرۆک؟"
ترەمپ گوتی: "زۆر کەسی باش هەن. زۆر بیرۆکەی باش هەن. قسە لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەم."
ترەمپ یەکلایی نەکردەوە کێ هەڵدەبژێرێت، بەڵام لە قسەکانیدا ستایشی هەندێ کەسی کرد کە متمانەیان پێ دەکات، لەنێویاندا تیم سکۆت، سیناتۆری کۆمارییەکان کە نوێنەرایەتیی ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دەکات.
ترەمپ گوتی، "پەیوەندیم بە تیم سکۆت و کەسانی وەک تیم سکۆتەوە کرد و پێم گوتن ئێوە ئەگەر بۆ من ببنە بەربژێر، زۆر لەوە باشتر دەبن کە بۆ خۆتان بەربژێر بن."
ترەمپ روونیکردەوە کە مەبەست لەو قسەی ئەوەیە، ئەو کەسانە هێندەی داکۆکی لە سەرۆکی پێشوو دەکەن، هێندە داکۆکی لە خۆیان ناکەن.
لەبارەی تیم سکۆتەوە، ترەمپ گوتی، "کە سەیری ئەوم کرد، باش بوو؛ ئەو چاک بوو، بەڵام زۆر خاکییە. هەفتەی رابردوو سەیرم کرد کە بەرگریی لە من دەکرد، داکۆکیی لە من دەکرد، شەڕی بۆ دەکردم؛ گوتم، 'خۆ تۆ کەسێکی زۆر چاکتری بۆ من وەک لەوەی بۆ خۆت بی.'"
ترەمپ ستایشی کریستی نۆیم، حاکمی ویلایەتی داکۆتای باشووریشی کرد، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو خانمە بە ئاشکرا گوتوویەتی، هەرگیز دژی ترەمپ خۆی بەربژێر ناکات، چونکە "هەرگیز لێی ناباتەوە."
بەربژێرە کۆمارییەکە ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردنەوە گوایە پەیوەندی بە رۆبەرت ئێف کەنەدی جۆنیوور، بەربژێری سەربەخۆوە کردبێت بۆ ئەوەی بیکاتە جێگری بەربژێرکراوی خۆی. ترەمپ گوتی: "ئەو شتە هەرگیز رووینەداوە."