ئەردۆغان بۆ زیلینسکی: بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئامادەین بۆ نێوەندگیری
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2023 کراوە، باس لە پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کراوە و "سەرۆککۆماری تورکیا ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیریکردن بۆ ئاشتیی هەمیشەیی لە رێگەی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکراینا راگەیاند. پێداگریی لە هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لەم بوارەدا کرد".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا کردووە و جەختی لەوەکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. هەروەها باسی لە هاوکاریکردن بۆ چارەسەری قەیرانی وزە لە ناوەندی ئەتۆمیی زاپۆریژیا و هاوکارییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان بۆ ئۆکراینا کرد. ئەوە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
لەوەتەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا سەریهەڵداوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان 11 جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە و جارێکیش کۆبوونەتەوە. هەروەها 11 جار قسەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە و چوار جار کۆبوونەتەوە.