چەند بازرگانێکی کورد لە چین بەشداری لە گەورەترین پێشەنگەی هاوردە و هەناردە لە جیهان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کورد لە شاری گوانژۆی چین نیشتەجێیە، ئەم ساڵ 200 کۆنتەینەر کەلوپەل و کاڵای بۆ کوردستان ناردووە، هاوکات، 10 گرێبەستی کڕینی کارگەی بۆ بازرگانانی کورد واژۆ کردووە. چووەتە پێشەنگەی کانتۆن و هەموو کوون و قوژبنێکی پێشەنگەکە گەڕاوە.
داڵان محەممەد ئەو گەنجە کوردەیە و خەریکی بازرگانی کردنە لەو وڵاتە، لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت، کوالێتی بابەتە چیینیەکان ئێستا وەکو پیشتر نەماوە، کوالێتی کۆنترۆڵ لە چین ئێستا زۆر زۆر بەهێزە، زۆر بڕوانامە دانراوە کە هەموو کۆمپانیاکان دەبێت بەگوێرەی ئەوە کاربکەن، بۆ نموونە بڕوانامەی سی سی سی، هەروەها بازرگانەکان ئێستا بیرۆکەی کارکردنیان گۆڕدراوە، بە تەنیا ئەوە نییە کەلوپەل بکڕن و بیبەنەوە بۆ کوردستان بەڵکو کارگە و شوێنی پیشەسازی دەکڕن دەیبەنەوە."
کانتۆن فەیر گەورەترین پێشەنگەی هاوردە و هەناردەیە لە جیهان، لە ساڵی 1957 دامەزراوە و ساڵی دووجار و بە سێ قۆناخ ساز دەکرێت. بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشداری کۆمپانیا و کڕیارانی ئەوروپا و ئەمریکا بە رێژەی 54٪ زیادی کردووە.
مۆنیکا ئۆڵداکۆڤسکا، بازرگانێکی پۆڵەندییە هاتووەتە چین و دەڵێت، "لە پۆڵەندا بەڕاستی کێشەی گەورەمان هەیە لە بەرهەمهێنانی زۆر شت، ئەم کانتۆن فەیرە زۆر گەورەیە و تێڕوانینێکی زۆر گەورەیە بۆ ئێمە."
ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین - عێراق ساڵی رابردوو زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بوو، عێراق مانگی رابڕدوو کۆنسوڵخانەی لە شاری گوانژۆ کردەوە بەڵام هەندێ بازرگان نەیانتوانی ڤیزا وەرگرن و بەشداربن، ناچار نموونەی کاڵای دڵخوازیان بۆ هاوڕێکانیان ناردووە تاوەکو بۆیان بینێرنەوە.
هاوڕێ مەلا بازرگانێکی کوردە و بەشداریی لە کانتۆن فەیر کردووە، گوتی، "چەندین هاوڕێم هەیە کە بەم شێوازە چەندین نموونەیان بۆ من ناردووە، لەبەر ئەوەی خۆی نەیتوانیوە بۆ ئێرە بێت، تەنانەت هەندێک پارەی پێویستیشی بۆ جێبەجێ کردنی کارەکان و حەقی ڤیزاکەی داوە، بەڵام دواتر رەفزی بۆ هاتووەتەوە، بۆ کەسی وەک ئێمە دێین چێکی کوالێتی کەلوپەلەکانیان بۆ دەکەین و بەپێی خواستی خۆیان لەگەڵ کارگەکاندا قسە دەکەین. ئەو داخوازییەی کە هەیانە ئێمە دوای چێک کردنەوە بۆیان دەنێرین."
پێشانگەی کانتۆنی ئەم ساڵ میوانداری زیاتر لە 15 هەزار نمایشکاری لە 120 وڵاتی جیهان کرد، لە 60٪ـی کڕیارانیش دانیشتووی وڵاتانی ئەندام لە پڕۆژەی "پشتوێن و رێگە" بوون.
ئەو کەلوپەلانەی کە بازرگانە کوردەکان لە وڵاتی چین دەیکڕن، ئێستا 30 بۆ 40 رۆژ دەخایەنێت تاوەکو لە ڕێگەی بەندەر عەباس و ئووم قەسر و مێرسینەوە دەگەنە هەرێمی کوردستان، عێراق ئەندامە لە پڕۆژەی پشتوێن و ڕێگا، ئەگەر ئەو پرۆژەیە سەرکەوتوو بێت ئەوکات بە تەنیا 10 ڕۆژ دەخایەنێت تاوەکو کاڵاکان بگەنە هەولێری پایتەخت.