ئەمریکا نایەوێت شەڕەکە فراوانببێت و لەگەڵ ئاگربەستی شەڕی حەماس و ئیسرائیلیشدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماسە، بەڵام زیاتر گفتوگۆکان لەوبارەیەوە لە واشنتن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و ئەمریکایە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت شەڕەکە فراوانببێت و لەگەڵ ئاگربەستی شەڕی حەماس و ئیسرائیلیشدا نییە، داواش لە ئێران دەکات پاڵپشتیی حەماس نەکات.
ئەمریکا بە روونی و بە ئاشکرا هۆشداری بە ئێران دەدات کە هەوڵی فراوانکردنی شەڕەکە نەدەن، داواش لە گرووپە چەکدارەکانی بکات، کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە تاوەکو چەند ئێران ئەم هەڕەشانەی ئەمریکای بە جیدی وەرگرتووە؟
نیکۆڵ گراجێوسکی، لە پەیمانگەی کارنگی ئیندۆومێنت بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی بە رووداوی گوت، "پێموایە ئێرانیش خوێندنەوەی خۆی لەمەدا هەیە، بێگمان کە دێتە سەر هۆشدارییەکانی ئەمریکا، بەجیدی وەریدەگرن، بەڵام رەنگە بە قسە ئەمە نەڵێن، پێشموایە لە ئێران تێگەیشتن بۆ زیانەکانی فراوانبوونی ئەو شەڕە هەیە، بەڵام دەشیانەوێت پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرەی مقاوەمە نیشانبدەن کە لە چەندین راگەیێندراویشیاندا ئەوەیان کردووە بۆ تاقیکردنەوەی ویستی ئەمریکا، ئەمەش لەگەڵ گوتاری ئێراندا دێتەوە، بۆیەش من زۆر بە جیدی نازانم، بەڵام بێگومان ئێران بەتەواوەتی لەوە تێدەگات کەدوای فراوانبوونی شەڕەکە چی روودەدات.''
رۆژانە لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن، لە کۆشکی و سپی و وەزارەتی بەرگریش ئەو پرسیارانەی رۆژنامەڤانان دەیکەن، چەندە پەیوەندییان بە شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە هەیە، هێندەش پەیوەندیدارن بە رۆڵی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران لەم شەڕەدا.
ئەمریکا نایەوێت شەڕەکە فراوانببێت و لەگەڵ ئاگربەستی شەڕی حەماس و ئیسرائیلیشدا نییە، بەڵام شارەزایانی ئەمنی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دەڵێن، ئەمە شتێکی چاوەڕوانکراوە ئەگەر بەرەیەکی دیکەی فراوانی شەڕ لە دژی ئیسرائیل بکرێتەوە، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکاش بەشداری لە شەڕەکەدا دەکەن.
مارک کاتز، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج مەیسن دەڵێت، ''لەدیدی من پێویستبوو ئەمریکا وەڵامێکی تووندی هەبا بۆ ئێران، پێشموایە ئەگەر بەڕاستی شەڕ لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەستپێبکات، کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا دەست بە هێرشەکانیان دەکەن، لە راستیشدا ئەمە تاوەکو ئێستا کە رووی نەداوە، چونکە سیاسەتی رێگریکردن لە رووداوەکە کاریگەربووە، ئێران دەتوانێت خۆی لەم وردە شتانە دەربازبکات، بەڵام ناتوانێت خۆی لە رووداوە گەورەکاندا لابدات.''
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، دەیەوێت لەلایەک پشتیوانیی واشنتن بۆ ئیسرائیل دووپاتبکاتەوە، لەلایەکی دیکەش نیگەرانیی وڵاتانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەرامبەر بە کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە بڕەوێنێتەوە.