ژاپۆن: لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنی ئەمریکا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکەین.
کاتسونۆبو کاتۆ، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن رۆژی چوارشەممە رایگەیاند: ''هەڵبژاردنی ئەمریکا سەرنجی هەموو جیهانی لەسەرە و هەروەها حکومەتی ژاپۆنیش لە نزیکەوە چاودێری ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەکات."
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ژاپۆن لەبارەی پێشبینی ژاپۆن لەسەر دەرچوونی یەکێک لە بەربژێرەکان گوتی، ئێستا هیچ کۆمێنتێک لەو بارەوە نادەن، بەڵام لەدوای دەرچوونی ئەنجەمەکان و لە کاتێکی گونجاودا پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەن.
رۆژی سێشەممە، هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیپێکرد، رکابەریی ئەو هەڵبژاردنە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بوو.
هەرچەندە تائێستا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەردەوام و بە تەواوەتی یەکلایی نەبووەتەوە کام لە بەربژێرەکان هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە، بایدن دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە دەبەینەوەو دۆناڵدترەپیش دەڵێت: سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوەو دیموکراتەکان دەیانەوێت هەڵبژاردنەکە بدزن.