ترەمپ و هاریس لەسەر شوێن و کاتی دیبەیت ناکۆکن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان لەسەر یەکەمین دیبەیتی نێوانیان ناکۆکن. ترەمپ داوای گۆڕینی کاتی دیبەیتەکە دەکات. تیمەکەی کامالا هاریسیش دەڵێت، ترەمپ لە دیبەیت "دەترسێت."
رۆژی شەممە، بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن، ترەمپ لە ویلایەتی جۆرجیا کۆبوونەوەیەکی جەماوەری کرد. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باسی لەوە کرد پێی باشە دیبەیتەکە لە 4ـی ئەیلوولدا بکرێت و تۆڕی فۆکس نیوزی مەیلەو نەریتخواز بەڕێوەیببات، رەتیشیکردەوە بەشداری لە دیبەیتێکی دیکەدا بکات کە پێشتر دانرابوو لە لایەن کەناڵی ABCـەوە بەڕێوەببردرێت.
ترەمپ رۆژی شەممە، لە شاری ئەتلانتا لە هەمان ئەو هۆڵە کۆبوونەوەی جەماوەریی کرد کە رکابەرەکەی لە رۆژی سێشەممەی رابردوو بە ئامادەبوونی 10 هەزار کەس بانگەشەی تێدا کرد.
ترەمپ پێش ئەوەی بەرەو ئەوێ بەڕێبکەوێت، لە ترووس سۆشیاڵ، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەتی، هێرشی تووندی کردە سەر هاریس و باسی لەوە کرد خانمەکە نەیتوانیوە رێگری لە لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بکات.
ترەمپ پێیوایە، هاریس رێگەی داوە بە "لێشاوێک لە پیاوکوژەکان" لە سەرانسەری جیهانەوە رووی لە ئەمریکا بکەن، دەشڵێت، هاریس "وڵاتەکەمانی وێرانکردووە."
هەر لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەیدا ترەمپ دووپاتیکردەوە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020، "ساختەکارییان کردبوو" بۆ ئەوەی جۆ بایدن بیباتەوە.
لە بارەی دیبەتەکەی لەگەڵ هاریسیش گوتی، لەگەڵ فۆکس نیوز لەسەر پلانێک "رێککەوتوون." ئاماژەی بەوەشکرد، دیبەیتەکە لە پێنسیلڤانیا دەبێت، کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی نە بۆ کۆمارییەکان و نە بۆ دیموکراتەکان یەکلابووەتەوە و لە هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیدا رکابەرایەتیی سەختی لەسەر دەکرێت.
ترەمپ هەروەها پێشنیازی کردووە جەماوەر لە هۆڵی دیبەیتەکەدا ئامادەبن، پێچەوانەی دیبەیتەکەی لەگەڵ بایدن، کە هیچ بینەرێک لە نێو ستۆدیۆدا نەبوو.
بەربژێرەکەی کۆمارییەکان لە ئەتلانتا بە لایەنگرانی گوت "دیبەیتێک لەگەڵ فۆکس دەکەین، ئەگەر ئەو (هاریس) ئامادە بێت. بەڵام بڕواناکەم بێت. ئەو ناتوانێت قسە بکات."
تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس بیرۆکەکانی ترەمپی بە "یاریکردن" ناوبردن و رەتیکردنەوە.
مایکڵ تایلەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی تیمی بانگەشەی هاریس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەترسێت و هەوڵدەدات خۆی لە دیبەیتەکە بدزێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر رەزامەندیی لەسەر دەربڕیبوو و یەکسەر بەرەو فۆکس نیوز رادەکات بۆ ئەوەی فریای بکەون. پێویستە لە 10ـی ئەیلوول، لەو دیبەیتەدا ئامادەبێت کە رەزامەندیی لەسەر دەربڕیوە."
پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاریس لە فۆکس نیوز، تۆڕێک کە ماوەیەکی درێژە پشتیوانی لەو دەکات، دوایین هەوڵیەتی بۆ هێشتنەوەی گەرموگوڕیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی کە پیشتر ئامانج لێی رووبەڕووبوونەوەی بایدن بوو. بەڵام بایدنی تەمەن 81 ساڵ مانگی رابردوو لە کێبڕکێکە کشایەوە.
لەو کاتەوە، هاریسی تەمەن 59 ساڵ بە بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکان دانراوە.
هاریس توانیویەتی دووبارە ئەو تیمە لە پشتی خۆی کۆبکاتەوە کە لە بەدەستهێنانی دوو سەرکەوتنی گەورە لە پشت باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووترەوە بوون، خانمەکە هەروەها جیاوازیی دەنگەکانی ترەمپیشی لە راپرسییەکاندا کەمکردووەتەوە کە پێشتر لە بەرامبەر بایدن بەدەستییەوە بوو.
رۆژی هەینی، کامالا هاریس توانی پێگەی خۆی وەک بەربژێری کۆتایی دیموکراتەکان مسۆگەر بکات، دوای ئەوەی بە نزیکەیی هەموو نوێنەرانی پارتەکە پشتگیرییان لێی کرد.
هاریس بە نیازە لە ماوەیەکی نزیکدا کەسێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆک بەربژێر بکات. جۆش شەپیرۆ، حاکمی ویلایەتی پێنسلیڤانیا، بەربژێری هەرە لەپێشە.
ترەمپ لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەیدا، هێرشی کردە سەر هاریس و بە "شێت، مارکسی، سەرشێتێکی تووندڕۆی چەپڕۆ" ناویبرد و گوتی دەبێتە هۆی "داڕووخانی ئابوور" ئەگەر بە سەرۆک هەڵببژێردرێت.
ترەمپ بە پشتیوانەکانی خۆی گوت "پێویستە کۆشش بکەین تاوەکو بتوانین پێناسەی بکەین. ئەو فیلمێکی تۆقێنەرە."