سەرکۆنەکردنی ئاهەنگەکەی ئۆڵیمپیاد کۆتایی نەهاتووە؛ ڤاتیکان "دڵگرانە"
رووداو دیجیتاڵ
ڤاتیکان رۆژی شەممە، رایگەیاند بە هەندێ دیمەنی ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵیمپیادی پاریس "دڵگران" بووە، کە بوونەتە هۆی "تووڕەبوونی" کریستیانەکان.
لە ئاهەنگەکەی 26ـی تەممووزدا، ژمارەیەک کەسی هاوڕەگەزخواز لاسایی تابلۆی دوایین ئێوارەخوانی پەیامبەر عیسا (د.خ.) و هاوەڵانیان کردەوە. ئەوەش ناڕەزایی تووندی بڕوادارانی کریستیان و موسڵمانانی لێکەوتەوە.
رێکخەرانی ئاهەنگەکە رایانگەیاند، نیازیان ئەوە بووە لاسایی خوانێکی دیۆنیسۆس، خواوەندی مەی یۆنانی بکەنەوە، بەڵام ئەو پاساوە نەبووە هۆی کاڵبوونەوەی رەخنەکان.
ڤاتیکان لە راگەیێندراوێکدا کە بە زمانی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "ڤاتیکان بە هەندێ دیمەنی ئاهەنگی کردنەوەی ئۆڵیمپیادی پاریس دڵگران بوو و دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ئەوانەی لەم رۆژانەی دواییدا سەرکۆنەی ئەو دنەدانەیان کرد، کە بەرامبەر بە کرستیانەکان و بڕوادارانی ئایینەکانی دیکە کرا."
ڤاتیکان هەروەها دەڵێت "لە بۆنەیەکی گەورەدا کە هەموو جیهان پێکەوە لە دەوری بەها هاوبەشەکان کۆدەکاتەوە، پێویستە هیچ ئاماژەیەکی وای تێدا نەبێت، کە سووکایەتی بە بڕوا و ئایینییەکانی خەڵکێکی زۆر بکات. سنووری ئازادیی رادەربڕین، رێزگرتنە لە کەسانی بەرامبەر."
هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە سەر بە پارتێکی ئیسلامییە، داوای لە پاپا فرانسیس کرد سەرکۆنەی ئاهەنگەکە بکات، چونکە بە گوتەی خۆی، ئاهەنگەکە "بەدڕەوشتی بەرامبەر هەموو کریستیانەکان کردووە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا؛ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و کۆمەڵە قەشەیەکی فەرەنساش سەرکۆنەی نمایشەکەیان کردووە.