لە شەش مانگدا سامانی 500 دەوڵەمەندترین کەسی جیهان 852 ملیار دۆلار زیاد بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ساڵی 2023وە، سامانی 500 گەورەترین ملیاردێری جیهان بە بڕی زیاتر لە 850 ملیار دۆلار زیاد بووە. هۆکاری سەرەکیش بەرزبوونەوەی نرخی پشکی بازاڕە داراییەکانە.
 
بەپێی پێنوێنی بلومبێرگ بۆ ملیاردێرەکانی جیهان، کە ئەمڕۆ سێشەممە 04-07-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، 500 دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، 852 ملیار دۆلار قازانجیان کردووە، کە بە تێكڕا دەکاتە 14 ملیۆن دۆلار بۆ هەر یەکێکیان.
 
هۆی سەرەکیی زیادبوونی سامانی ملیاردێرەکان، بەرزبوونەوەی نرخی پێنوێنی بۆرسەیە کە لەدوای نیوەی دووەمی ساڵی 2020ـەوە باشترین نیوەی ساڵە بۆ نرخی پشکەکان.
 
نرخی پێنوێنی S&P 500 کە کۆمەڵێك سێكتەری وەکو بانک، بەرهەمهێنان، تەکنەلۆژیا و کۆفرۆشی دەگرێتەوە، لەمساڵدا 16.5% بەرزبووەتەوە. نرخی پێنوێنی ناسداکیش بەهۆی گەشەسەندنی ژیریی دەستکردەوە، لەمساڵدا 31% بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی پێنوێنەکەی بلومبێرگ، هەریەک لە ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و، سپەیس ئێکسی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان و مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا دوو گەورەترین سوودمەندی بەرزبوونەوەی نرخی پشک و پێنوێنەکان بوون لەمساڵدا.
 
تاوەکو 30ی حوزەیرانی رابردوو، سامانی ئیلۆن مەسک نزیکەی 97 ملیار دۆلار زیاد بووە و گەیشتووەتە 237 ملیار دۆلار؛ سامانی خاوەنی کۆمپانیای مێتاش بە بڕی 60 ملیار دۆلار زیاد بووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 104 ملیار دۆلار، ئەوەش دوای بەرزبوونەوەی 80%ی نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکەی.
 
ئێستا ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە و تاوەکو ئەمڕۆ، بەپێی پێنوێنی بلومبێرگ، سامانەکەی گەیشتووەتە 247 ملیار دۆلار و بە جیاوازیی 48 ملیار دۆلار لەپێش بێرنارد ئارنۆوەیە کە تاوەکو پێش چەند مانگێكیش دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بوو.
 
لە بەرامبەردا، گۆتام ئادانی گەورەترین زیانمەندی پێنوێنەکەی بلومبێرگە کە تاوەکو 24ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەوڵەمەندترین کەسی ئاسیا و سێیەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بوو. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سامانی ئادانی 60.2 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیای هیندنبێرگی ئەمریکی گرووپی کۆمپانیاکانی ئادانیی بە ساختەکاریی گەورە تۆمەتبارکرد.