34 تۆمەت ئاراستەی ترەمپ کران

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئەمڕۆ لە دادگەی مانهاتنی شاری نیویۆرک راگیرا و 34 تۆمەتی ئاراستەکران. دوای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ترەمپ ئازادکرا و بەرەو فلۆریدا بەڕێکەوت. 
 
ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی ئەمریکادا سەرۆکێک بە فەرمی تۆمەتباربکرێت. داواکاری گشتیی مانهاتن رایگەیاند، دەکرێت دادگاییکردنی ترەمپ لە کانوونی دووەمی ساڵی 2024 دەستپێبکاتەوە. 
 
بە گوێرەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ترەمپ کراون، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا هەوڵیداوە پاک و بێگەردیی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016ـی ئەمریکا پێشێڵبکات. 
 
داواکاری گشتیی مانهاتن باس لەوە دەکات، ترەمپ بەشێك بووە لە پلانێکی نایاسایی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نەرێنی لەبارەی خۆیەوە، لەوانەش گوایە 130 هەزار دۆلاری بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان داوە بۆ ئەوەی نهێنی پەیوەندیی سێکسی نێوانیان نەدرکێنێت تاوەکو کاریگەری نەخاتە سەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی. 
 
بە گوێرەی بەڵگەنامەی تۆمەتەکان، ترەمپ هەروەها هەستاوە بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی تاوەکو ناوبانگی خۆی لەدەستنەدات و چانسی لە هەڵبژاردنەکەدا بەهێزتربێت. 
 
ترەمپ ئێوارەی رۆژی سێشەممە گەییشتە نووسینگەی داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتنی شاری نیویۆرک، لەوێ خرایە ژێر چاودێری پۆلیسەوە، پەنجەمۆرەکانی وەرگیران و وێنەی لێ گیران. راگرتنەکە پێشهاتێکی مێژوویی بوو بۆ ئەمریکا. 
 
ئەڵڤن براگ، داواکاری گشتیی مانهاتن رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ چەندین جار بە مەبەستی لەخشتەبردن، تۆمارە بازرگانییەکانی نیویۆرکی ساختەکردووە بۆ ئەوەی کارە تاوانکارییەکانی بشارێتەوە و رێگە بە بڵاوبوونەوەی زانیارییە زیانبخەشەکان و گەیشتنیان بە دەنگدەرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016 نەدات."
 
هاوکات پارێزەرێکی دۆناڵد ترەمپ گوتی، بەردەوامدەبن لە بەرەنگاربوونەوەی 34 تۆمەتەکە. 
 
تۆد بلانچ، ئەندامی تیمی پارێزەرانی ترەمپ لە بەردەم نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتن گوتی: "تۆمەتبارکردنەکە خۆی شتێکی پووچە". گوتیشی تۆمەتەکان "جێگەی داخن و بەردەوامدەبین لە بەرەنگاربوونەوەیان، بە سەختی بەرەنگاریان دەبینەوە."