کرێملن: ئاشکرابوونی تۆماری دەنگیی ئەڵمانیا دەرخەری تێوەگلانی رۆژئاوایە لە ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
دزەپێکردنی تۆمارێکی دەنگیی سوپای ئەڵمانیا، قەیرانی دیپلۆماسیی نێوان مۆسکۆ و بەرلین خراپتر دەکات.
لە تۆمارە دەنگییەکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراتەوە، ئەفسەرانی سوپای ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن کە چۆن یارمەتیی ئۆکراینا بدەن بۆ ئەوەی بە مووشەکی دوور مەودا هێرش بکەنە سەر رووسیا.
کرێملن لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە گوتی، ئاشکرابوونی ئەو تۆمارە دەنگییە دەیسەلمێنێت کە وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی رووسیا لە ململانێی ئۆکرایاندا بەشدارن.
ئاشکرابوونی ئەو تۆمارە دەنگییە بووەتە رووگیربوونێکی گەورە بۆ بەرلین، لە کاتێکدا ئەڵمانیا لە ژێر گوشاردایە بۆ ئەوەی مووشەکی دوورمەودا بە کیێڤ بدات.
ئەمڕۆ میدیای رووسیا بڵاویکردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە مۆسکۆ، باڵیۆزی ئەڵمانیای بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆی پێ بگەیێنێت.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رەتیکردەوە باڵیۆزەکەی بەو هۆیەوە بانگکرابێت، بەڵکو گوتی بۆ کۆبوونەوەیەک چووەتە وەزارەتی دەرەوە کە "لە مێژەوە" پلانی بۆ دانرابوو.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن گوتی، ئەو تۆمارە دەنگییە "جارێکی دیکە بەشداربوونی راستەوخۆی رۆژئاوا لە ململانێی ئۆکراینادا پێشاندەدات."
لە تۆمارە دەنگییەکەدا باس لە پلانێک دەکرێت بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر پردێکی سەرەکیی نێوان رووسیا و کریمیا.
پێسکۆڤ دەڵێت، ئەوە دەریدەخات کە "سوپای ئەڵمانیا پلانی هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا تاوتوێ دەکات."