ژنێک هەشت ساڵ بەدوای باوکیدا دەگەڕا، دەرکەوت سێ ساڵە لە فەیسبووک هاوڕێیەتی

رووداو دیجیتاڵ

تامونا موسێریدزێ، ژنە رۆژنامەڤانێکی جۆرجیایە، لە 2016ـەوە بە دوای دایک و باوکی راستەقینەی خۆی دەگەڕا و توانی دوای هەشت ساڵ بیاندۆزێتەوە؛ بەڵام بۆی دەرکەوت باوکی سێ ساڵە لەسەر فەیسبووک هاوڕێیەتی و پێی نەزانیوە.
 
دوای ئەوەی دایکی لە 2016 کۆچی دوایی دەکات، تامونا ماڵەکەی خۆی پاکدەکاتەوە و بەڵگەنامەیەکی لەدایکبوون دەدۆزێتەوە، دەبینێت ئەو رێکەوتی لەدایکبوونەی لەسەر بەڵگەنامەکەیە لەگەڵ ئەو رێککەوتەی پێی گوتراوە جیاوازن، دواتر گومانی بۆ دروستدەبێت کە لەوانەیە ئەو لە منداڵییەوە هەڵگیرابێتەوە و بەخێوکرابێت. کێشەکەیە ئەوەبوو، ئەو دوو کەسەی کە ساڵانێک بە دایە و بابە بانگی دەکردن، لە ژیاندا نەمابوون تاوەکو لێیان بپرسێت.
 
تامونا گرووپێکی فەیسبووک بەناوی (ڤێدزێب) دادەنێت کە بە مانای (دەگەڕێم) دێت، بەو هیوایەی بتوانێت دایک و باوکی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە. 
 
لەماوەی گەڕانیدا، تامونا کەیسێکی ئابڕووچوونی زۆر گەورەی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات، کە تێیدا لە ماوەی چەندین ساڵدا، لە نەخۆشخانەکان بە دایک و باوکی هەزاران منداڵی تازە لەدایکبوو گوتراوە منداڵەکانیان مردووە، دواتر منداڵەکانیان فرۆشتوون. تامونا گومانی ئەوەی لا دروستدەبێت کە لەوانەیە ئەویش یەکێک بێت لەو منداڵانەی کە فرۆشراوە. 
 
رۆژنامەڤانە جۆرجییەکە توانی لە ماوەی چەندین ساڵ کار و داکۆکیکردن، چەندین منداڵی فرۆشراو بە خێزانە راستەقینەکانیان شادبکاتەوە. 
 
ئاشکرا بوون
 
هاوینی ئەم ساڵ کەسێک لە فەیسبووک نامەیەک بۆ تامونا دەنێرێت و پێی دەڵێت، ئەو ژنێک لە گوندێکی جۆرجیا دەناسێت کە لە ساڵی 1984 سکپڕییەکەی خۆی دەشارێتەوە و لە شاری تیبلیسی لە ئەیلوولی 1984 منداڵی دەبێت. ئەو کەسە بە تامونا دەڵێت، "ئەو ژنە دایکی تۆیە" و ناویشی دەهێنێت.
 
ژنە رۆژنامەڤانەکە دەستبەجێ دەست بە گەڕان دەکات، بەڵام دوای ئەوەی هیچی بەدەست ناکەوێت بێ هیوا دەبێت. دوای ماوەیەک ژنێک لە فەیسبووک نامەیەکی بۆ دەنێرێت و بە "کچی خاڵی تامونا" خۆی دەناسێنێت و دەڵێت، دایکی تامونا دەناسێت و ئامادەیە تێستی DNA بکات.
 
دوای هەفتەیەک ئەنجامی پشکنینی DNA دەردەچێت و دەردەکەوێت بەڵێ، ئەو کەسەی نامەی ناردووە کچی خاڵیەتی و ژمارە مۆبایلی دایکی راستەقینەی خۆی وەردەگرێت.
 
تامونا تەلەفۆن بۆ ژمارەکە دەکات و ژنێک تەلەفۆنەکە هەڵدەگرێت. تامونا باسی ئەو کاتەی کرد و گوتی: "دوای وەڵامدانەوەی تەلەفۆنەکە و خۆناساندن، هاواری کرد و قیژاندی. گوتی ئەو منداڵی نەبووە و تەلەفۆنەکەی داخست."
 
تامونا دەڵێت، "لەبری ئەوەی پەست و دڵتەنگ بم، حەپەسابووم. من خۆم ئامادەکردبوو شتی نامۆ رووبدات، بەڵام کاردانەوەی ئەو لە دەرەوەی پێشبینییەکانم بوو."
 
تامونا لە دایکی بێهیوا ببوو، دەیویست بزانێت باوکی کێیە.
 
دۆزینەوەی باوکی
 
دوای چەند جارێک قسەکردن لەگەڵ دایکی، تامونا توانی دایکی رازی بکات ناوی باوکی پێبدات، دەرکەوت باوکی ناوی (گورگەن خارۆڤا)یە. تامونا گوتی: "دوو مانگی یەکەمی رووداوەکان زۆر شۆکهێنەر بوون بۆم، باوەڕم نەدەکرد ئەو شتانە لە ژیانی مندا روودەدەن."
 
دوای ئەوەی تامونا ناوی باوکی دەزانێت، لە فەیسبووک بەدوایدا دەگەڕێت و دەردەکەوێت باوکی سێ ساڵە لە فەیسبووک هاوڕێیەتی و بە یەکدییان نەزانیوە. تامونا گوتی: "باوکم تەنانەت نەیدەزانی دایکم سکپڕ بووە و کچێکی بووە." تامونا دەیویست تەواوی چیرۆکەکە بزانێت و پرسیارەکانی مێشکی وەڵام بدرێنەوە.
 
ماڵی باوکی تامونا لە شارۆچکەی زوگدیدی بوو کە 260 کیلۆمەتر لە ماڵی کچەکەی لە تبلیسی دوور بوو. لە ماڵی باوکی یەکدییان بینی. تامونا دەڵێت، ئەوکاتەی لە دەرگەی ماڵی باوکی نزیک بووەوە، هەستی بە ئارامی کردووە. ژنە رۆژنامەڤانەکە لەگەڵ باوکە 72 ساڵییەکەی یەکدییان بینی و باوەشێکی گەرمیان بەیەکدا کرد، بۆ ماوەیەکی درێژیش سەیری یەکدییان کرد.
 
دواتر دەرکەوت، کە باوک و دایکی تامونا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لەگەڵ یەکدی بوونە، کاتێک جیابوونەتەوە باوکی نەیزانیوە خۆشەویستەکەی سکپڕە. دایکی تامونا دوای ئەوەی بە سکپڕییەکەی دەزانێت، بە باوکی ناڵێت، دەچێتە شوێنێکی دیکە. دوای ئەوەی تامونا لە دایک دەبێت، دەیداتە خێزانێکی دیکە بۆ ئەوەی بەخێوی بکەن و بیکەنە کچی خۆیان.
 
دوای قسەکردن و نان خواردن، تامونا چاوی بە زڕبرا، زڕخوشک و کەسوکاری باوکی دەکەوێت و بۆی دەردەکەوێت ئێستا خێزانێکی گەورەی هەیە.
 
لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، تامونا توانی دایکی رازی بکات بۆ ئەوەی چاویان بەیەکدی بکەوێت و قسە بکەن. دوای ئەوەی سەردانی ماڵی دایکی دەکات و قسە دەکەن، دایکی داوای لێدەکات بە خەڵک بڵێت ئەو فرۆشراوە و باسی چیرۆکەکەی نەکات، بەڵام تامونا رازی نابێت و دەڵێت: "ناتوانم درۆ بکەم."
 
دوای ئەوە، دایکی، تامونا دەردەکات و جارێکی دیکە یەکدی نابیننەوە و قسەش ناکەنەوە.