ترەمپ دەڵێت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازادنەکرێن، حەماس 'بە دۆزەخ باجەکەی دەدات'

 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەڕەشەی تووند لە حەماسی فەلەستینی دەکات و داوای لێدەکات، پێش رۆژی سوێندخواردنی کە دەکاتە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات ئەگەرنا، "بە دۆزەخ باجەکەی دەدەن."
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا، کە هەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیەتی، دەڵێت: "ئەوانەی بەشدارییان لەم تاوانانەی دژی مرۆڤایەتیدا کردووە، ئەوانەی کە بەرپرسن، تووندتر لە هەموو کەسێک لە مێژووی درێژ و تۆمارکراوی ئەمریکادا لێیان دەدرێت،" دەشڵێت: "هەر ئێستا بارمتەکان ئازاد بکەن."
 
راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ بڕوای وایە زۆربەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پەیوەندیی بە ترەمپەوە کردبوو و پێی راگەیاندبوو کە ئازادکردنی بارمتەکان "پێویستییەکی زۆر گەورەیە" و داوای لە ترەمپ کردبوو، رزگاریان بکات. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە وەڵامدا پێی گوتبوو، بڕوای وایە زۆربەی بارمتەکان مردبن، بەڵام هێرزۆگ پێی راگەیاندبوو کە "دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل بڕوایان وایە نیوەیان زیندوو بن."
 
رۆژی دووشەممە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، 33 لە بارمتەکان بەهۆی جەنگی غەززەوە کوژراون کە ماوەی 14 مانگە بەردەوامە. 
 
حەماس لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەورەبەری کەرتی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، 251 کەسی بە بارمتەگرت. 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێشتا 97 بارمتە لە غەززە ماون، کە چاوەڕواندەکرێت 64یان لە ژیاندا مابن و ئەوانی دیکە مردوون.