وردەکاریی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی گەشتیارێکی ئەڵمانی


رووداو دیجیتاڵ 

کەسێک لە نێوەڕاستی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە چەقۆ گەشتیارێکی ئەڵمانیی کوشت و دوو کەسی دیکەشی بە چەکوش بریندارکرد، بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، هێرشکارەکە کەسێکی "تووندئاژۆی ئیسلامی"یە و نەخۆشیی دەروونیی هەیە. 
 
هێرشەکە لە نزیک تاوەری ئیفڵ دەوروبەری کاژێر 9:00ی ئێوارەی شەممە بەکاتی فەرەنسا (دەوروبەری نیوەشەو بەکاتی هەولێر) روویدا. لە کاتێکدا بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، فەرەنسا ئامادەیی خۆی دژی هێرشەکان بۆ ئاستی هەرە باڵا بەرزکردووەتەوە.
 
ئێلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "خۆمان بەدەست تیرۆرەوە نادەین."
 
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، سەرەخۆشی لە خێزانی گەشتیارێکی ئەڵمانی دەکات کە لە "هێرشێکی تیرۆریستیدا" کوژراوە. 
 
دواکارانی گشتیی دژە تیرۆری فەرەنسا رایانگەیاند، ئەوان لێکۆڵینەوەکە لەئەستۆدەگرن. 
 
جیرالد دارمانان، وەزیری نێوخۆی فەرەنسا باسی لەوە کرد کە هێرشکارەکە وەک "ئیسلامیێکی تووندئاژۆ" لای دەزگە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ناسراو بووە و نەخۆشیی دەروونی هەبووە، گوتیشی لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکە هاواری کردووە "الله أکبر" پێش ئەوەی دەستگیربکرێت. 
 
هێرشکارەکە بە چەقۆ گەشتیارە ئەڵمانییە تەمەن 24 ساڵەکەی کوشتووە و دواتر بە چەکووش هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی دیکە لە کاتێکدا هەوڵیداوە لە پۆلیس رابکات. 
ناوچەی نزیک پردی بیر حەکیم کە بەردەوام پڕە لە گەشتیار و خەڵکی شارەکە، لە لایەن پۆلیسەوە بە رووی خەڵکدا داخرا لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و هێزە ئەمنییەکان ئامادەی بوون.  
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریس گوتی، هێرشکارەکە لەدایکبووی ساڵی 1997ـە و هاووڵاتیی فەرەنسییە، بە دوو تۆمەتی کوشتن و هەوڵی کوشتن دەستگیرکراوە. 
 
دارمانان ئاماژەی بەوە کرد کە کەسەکە لە ساڵی 2016 بە چوار ساڵ بەندکردن سزادرابوو لە بەرامبەر هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشێک کە تێیدا شکستی هێنابوو. 
 
دارمانان گوتی، "پیاوێک هێرشی کردە سەر دوو کەس کە گەشتیاری بیانی بوون. گەشتیارێکی ئەڵمانی کە لە فلیپین لەدایکببوو، بە هۆی لێدانی چەقۆوە گیانی لەدەستدا."
 
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە شۆفێرێکی تاکسی لە شوێنی رووداوەکە هەوڵیداوە هێرشکارەکە بوەستێنێت. دواتر هێرشکارەکە رایکردووە بۆ ئەودیوی رووباری سێن و بە چەکووش هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی دیکە و یەکێکی بریندارکردووە. پۆلیس بەدوای کەوت و لە رێگەی دەمانچەی کارەباییەوە لە جووڵەی خست، دواتر قۆڵبەستیان کرد.
 
دارمانان گوتی: "ئەو هەڕەشەی تووندی لە پۆلیس کردبوو، بۆیە پێویستە لە دادگە وەڵامی کردەوەکانی بداتەوە."
 
هێرشکارەکە لە ناوچەی ئێسۆن-ی باشووری پاریس ژیاوە و بە پۆلیسی گوتووە، بەرگەی کوژرانی موسڵمانانی لە "ئەفغانستان و فەلەستین" نەگرتووە، ئەمە وەک وەزیرەکە باسیکرد. 
 
ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد لە بەرامبەر دەستگیرکردنی خێرای گومانلێکراوەکە و گوتی پێویستە "بە ناوی خەڵکی فەرەنسا" دادپەروەری جێبەجێبکرێت.
 
کلێمێنت بیون، وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا لە پۆستێکی ئێکسدا ئاماژەی بەوەکرد، "پاریس دوای ئەم هێرشە لە پرسەدایە."